ناس کورد-
بە تۆمەتی کوشتنی ئاسایشەکەی چەمچەماڵ، پۆلیسی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک و شەش کەسی تری نزیکی ناوبراو دەرکرد کە دووانیان کوڕی ناوبراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی (23-3-2022) تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و دوو کوڕی و دوو برای و دوو ئامۆزای دەرچووە.
شەوی 20ی ئازاری 2022، کارمەندێکی ئاسایش لە قەزای چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا و میدیای یەکێتیش ڕاگەیاند کە بکوژەکە کوڕی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە.
هەر بەپێی لێدوانی پۆلیس، کەسوکاری کوژراوەکە بە تۆمەتی کوشتن سکاڵای یاساییان لەسەر عەبدوڵای کوێخا موبارەک و شەش کەسی نزیکی تۆمارکرد.
سەرکەوت ئەحمەد وتی، "دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرجەمیان دەرکردووە، بەڵام هەموویان لە چەمچەماڵەوە بۆ شوێنێکی نادیار رۆیشتوون".