ناس کورد- شەهرام عەزیز
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق پرسى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەکانى یەکلاکردەوە و بڕیاریدا ئەو هەڵبژاردنە لە مانگی نیسانی 2020 ئەنجامبدرێت و پارتە کوردییەکانیش بەشدارى تێدا دەکەن.
.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەگوێرەى بڕیارەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە 22ی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەکان لە عێراق ئەنجام دەدرێت، حزبە کوردییەکانیش بەشداری تێدا دەکەن.
.
سەبارەت بە چۆنێتی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا، ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنەکە لە شارە کوردییەکان ئەنجام نادرێت، بەڵام لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو شارانەی کوردی تێدایە وەک کەرکوک و موسڵ و دیالە و حەویجە، کورد دەتوانێت بەشدار بێت.
.
کۆچەر روونیکردەوە، لایەنە کوردییەکان دەتوانن بە یەک لیستی هاوبەش یاخود بە جیا بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.
.
دەربارەى هەمان بابەت، حەسەن کەعەبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، پێش هەڵبژاردنەکە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان هەموار دەکرێتەوە.
.