ناس کورد-
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە شوێنی بە ئامانجکراو بنکەی ئیسرائیلی بێت و دەڵێت، "شوێنی بەئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی ڕۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کونسولخانەی ئەمریکا بووە، ڕایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە . ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جورە تاوانانە. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و جامعەی عەرەبی و حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەین بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێڕش و تؤمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و ڕاستیيەکان بو ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی توند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران