ناس کورد-
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ كونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له هه‌رێمی كوردستان کۆبووەوە و باسیان لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێم کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 6-3-2022) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ پیشوازیم له ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له هه‌رێمی كوردستان كرد و له دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئه‌منى و ئابوورییەکانی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هه‌روه‌ها ئاماژه به كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان درا سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق، كه جه‌ختیان له‌وه كردبووه‌وە كه بڕیارەکه‌ى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى قبووڵكراو نییه و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پیاده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست له ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو ڕێگه‌یه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى ده‌گرێته به‌ر بۆئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت.
ئەوەش هاتووە، "لە تەوەرێکی دیكه‌ی دیدارەکەدا باسمان لە کار و چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان و پلان و به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مان بۆ وه‌رزی نوێى یاسادانان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووى هه‌رێمی کوردستان كرد."