ناس کورد-
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتار لە دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی ڕایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێچەوانەی یاسا بووە "چونکە پشت بە ئامادەیی نیوە کۆ یەک بەستراوە، لەکاتێکدا دەبوو دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەکە بوونایە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عالیە نوسەیف لە لێدوانێکی بۆ میدیای فەرمیی عێراقییە (5-3-2022) وتی، "هەندێک لە هێزە سیاسییەکان دەچنەوە بۆ دادگای فیدڕاڵی بۆئەوەی دڵنیا بن تا چەند دانیشتنەکە دەستوری بووە، چونکە ماوەکە کۆتایی هاتووە کە 30 ڕۆژە و پەرلەمان ناتوانێت درێژی بکاتەوە."
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بە دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
دانیشتنەکە بە سەرۆکاتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەی 238 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا تەنها ئەو بڕیارە درا و دانیشتنەکە هەڵگیرا.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، 203 پەرلەمانتار دەنگیان داوە بە دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن، لە بەرامبەردا 62 پەرلەمانتار ڕەتیان کردووەتەوە.
دوای ئەوەی 7ی شوبات پەرلەمانی عێراق نەیتوانی کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرۆکایەتی پەرلەمان جارێکی تر دەرگای خۆپاڵاوتنی کردەوە بۆ تۆمارکردنی کاندیدانی سەرۆککۆمار.
بەڵام ڕۆژی 1ی ئازاری 2022، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت بە بڕیاری پەرلەمان بێت نەک سەرۆکایەتی.
دادگای فیدڕاڵی لە بڕیارەکەدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە "کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نییە ئەو بڕیارە بدات و پێویستە پەرلەمان جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتن بکاتەوە."
وتیشی، "بەڵگەیەکی دەستوری یاخود یاسایەک نییە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بتوانێت ئەو کارە بکات."