گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوت و موچە

مەسرور بارزانى داواى رونکردنەوە لە وەزیرى دارایی دەکات

2022.03.03 - 11:31
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانى داواى رونکردنەوە لە وەزیرى دارایی دەکات

ناس کورد-

 

مەسرور بارزانى رایگەیاند، لەئێستادا 41%ى پارەى داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت، ئەوەى دیکەشى بۆ خەرجییەکانى دیکەیە، داواشى لە وەزیرى دارایی کرد لەبارەى کەمى داهاتى بەشێک لە خاڵە سنورییەکانەوە رونکردنەوە بدات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسرور بارزانى لەوتەیەکى تەلەفزیۆنیدا باسى لەوەکرد، لەگەڵ زیادبوونى نرخى نەوت کێشەى ئەوەیان بۆ دروستبووە کە داهاتى ناوخۆ کەمبووەتەوە و داهاتى هەندێ دەروازە ناگەڕێتەوە، ئەوەش کێشەى بۆ موچە دروستکردووە.

 

وتیشى "داوا لە وەزیرى دارایی دەکەم رونکردنەوە بدات کە بۆچى داهاتى بەشێک لە خاڵە سنورییەکان ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت تا بۆ دابەشکردنى موچە  بەکاربهێنرێت...وەزیری دارایی كە لە بزوتنەوەی گۆڕانە دەزانێت داهاتی نەوت چەندە‌و چەندی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە".

 

مەسرور بارزانى رونیکردەوە "زۆرجار ده‌گوترێت 410 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، نرخه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ی ئه‌م داهاته‌ له‌ كوێیه‌؟ ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌فرۆشرێت، چه‌ند بابه‌تێك له‌ خۆی ده‌گرێت، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هەبووه‌ بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت، تێچووی دره‌هێنانیان هه‌یه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یانداته‌وه‌".

 

"ئه‌گه‌ر 100%ی ئه‌و پاره‌یه‌ حیساب بكه‌ین، 7%ی بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز ده‌ڕوات، 43%ی پاره‌كه‌ حكومه‌ت ده‌یداته‌وه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی نه‌وت ده‌رده‌هێنن، ئه‌مه‌ گرێبه‌ستی نێوده‌وڵه‌تین و هیچ گرێبه‌ستێكیش له‌و كابینه‌یه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام 43%ی حكومه‌ت پابه‌نده‌ بیداته‌وه‌".

 

بەوتەى مەسرور بارزانى، %9ی ئه‌و  پاره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، "ئه‌مه‌ش بڵێم، پێشتر و پێش ئه‌م كابینه‌یه‌، نێوان 25 تاكو %28ی ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌هاته‌وه‌ مووچه‌، له‌م كابینه‌یه‌ دوای ئه‌و گۆڕانكاریی و چاكسازییانه‌ی كه‌ كردوومانه‌، ئێستا %41ی پاره‌ی نه‌وت ته‌نیا بۆ مووچه‌ ته‌رخان ده‌كرێت، واته‌ له‌ كۆی گشتی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ نه‌وته‌كه‌مان به‌ حیساب داهاتی هه‌یه‌، 41%ی ته‌نیا بۆ مووچه‌ ته‌رخان ده‌كرێت، واتای ئه‌وه‌ نییه‌ پاره‌كه‌ی تریش به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ی تریش هه‌ر بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌بێت، كه‌ نه‌وت ده‌رده‌هێنن، ئه‌ویش تێچووی هه‌یه‌".

 

ئەوەشى خستەڕوو "كاتی خۆی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌متر له‌ نرخی سۆمۆ ده‌فرۆشرا، ئێمه‌ دیسان هه‌ر له‌م كابینه‌یه‌ گفتوگۆی زۆرمان كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كڕیاری نه‌وتی هه‌رێمن، وامانكرد رێژه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی كه‌ له‌نێوان نرخی نه‌وتی هه‌رێم و سۆمۆ، یان برێنت هه‌یه‌، كه‌می بكه‌ینه‌وه‌، كه‌واته‌ به‌ تێكڕا ئێمه‌ له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت توانیمان به‌پێی رێژه‌ی زیادبوون و كه‌مبوونی نه‌وته‌كه‌ ده‌و‌روبه‌ری 4 دۆلار بۆ خه‌زێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ هه‌مووی چاكسازین له‌و كابینه‌یه‌ كراوه‌".