گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی بۆ ناس کورد: لەژێر فشاری هەڤاڵانمان بارەگاكانمان كرانەوە

2019.03.13 - 15:38
هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی بۆ ناس کورد: لەژێر فشاری هەڤاڵانمان بارەگاكانمان كرانەوە

 

 

ناس كورد-شۆڕش محەمەد

 

ئەو دوو بارەگایەی تەڤگەری ئازادی كە لەشاری سلێمانی ‌و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە قوفڵدران كرانەوە‌و هاوسەرۆكی تەڤگەریش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لەژێر "فشار"ی هەڤاڵانیان ئاسایش دەرگای بارەگانی كردنەوە.

 

محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری كۆمەڵگەی ئازادی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی وت"لەپاش داخستنی بارەگاكانمان لەشاری سلێمانی، هەڤاڵانمان كۆبوونەوە‌و بڕیاری ئەوەیاندا لەبەردەمی بارەگا داخراوەكان مان بگرن‌و خێوەت هەڵبدەن‌و دواتر بارەگاكانیان كردەوە".

 

بەوتەی هاوسەرۆكی تەڤگەری كۆمەڵگەی ئازادی كوردستان لەژێر "فشار"ی هەڤاڵانیان ‌و سووربونیان لەسەر مانگرتن‌و ئەنجامدانی چالاكیی، هێزێكی ئاسایشی سلێمانی هاتوون‌و بارەگانیان كردووەتەوە.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە) هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای تەڤگەری ئازادی‌و بارەگای رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (رەژاك) –یان داخست.

 

ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، بڕیارێكی بڵاوكردەوە كە بەپێی بڕیارەكە دەبێت و ئەو حیزب و ڕێكخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرنەگرتووە، بارەگەكانیان دابخەن و ڕێگە بە چالاكییەكانیان نەدرێت.

 

تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، لە ڕۆژی 17ی تشرینی یەكەمی 2014 دامەزراوە و لە 4ی كانوونی یەكەمی 2017 بەفەرمی وەك پارتییەكی سیاسی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە مۆڵەتی پێدراوە.

 

 

بەرپرسانی تەڤگەر ئاماژە بەوە دەكەن لەدەستپێكی دامەزراندنییەوە، داوای مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام وەزارەتەكە وەڵامی نەداوەتەوە.

 

بەگوێرەی یاسای حیزبە سیاسییەكان كە لەپەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1993 دەركراوە، ئەگەر هەر داواكارییەكی مۆڵەت وەرگرتن بۆ حزبی سیاسی وەڵام نەدرایەوە و تانەی لێ نەدرا، ئەوە بە واتای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی دێت.