کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز لە بەرنامە و پەیڕەوى ناوخۆى هەر حزب و رێکخراوێکى سیاسى لە کوردستاندا، بە گرنگییەوە باس لە ئەنجامدانى کۆنگرە کراوە و کۆنگرە وەک ژیانەوەى حزب وێنا کراوە، بەڵام لە واقیعدا کەم پارتى سیاسى کوردى هەیە توانیبێتى لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا کۆنگرە ئەنجام بدات. . لەهەرێمى کوردستاندا بەشێک لە پارتە سیاسیەکان وادەى یاساییان تەواو بووە و ئەنجامدانى کۆنگرەى حزبەکانیان دواخستووە و بە بڕواى چاودێرێکى سیاسى هۆکارى ئەنجامنەدانى کۆنگرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە حزبەکان ئێستاش بە ئەقڵیەت و کلتوری شاخ خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڕای ئەو دواخستنی کۆنگرە زیانێکی زۆری لە هەرێم داوە، بەتایبەتی لە کاڵنەبوونەوەی ڕقی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی. . عارف قوربانی نووسەر و چاودێرى سیاسى، بە ناس کوردی ڕاگەیاند، حزبەکانی هەرێم بەتایبەتی یەکێتی و پارتی ئێستاش بە ئەقڵییەتی شاخ و شۆڕشگێڕانە بیردەکەنەوە و خۆیان بەڕێوە دەبەن، چونکە لەو کاتەدا هەندێک جار بە 10 بۆ 20 ساڵ جارێک کۆنگرەیان ئەنجامداوە و ئێستا کە هاتوونەتەوە ناو شاریش بەهەمانشێوەی شاخ کار دەکەن. . قوربانى روونیدەکاتەوە، نەبەستنى کۆنگرە لەلایەن حزبەکانەوە کێشەى بۆ دۆخی هەرێم و خەڵکیش دروستکردووە، چونکە تائێستاش کاڵنەبوونەوەی پاشماوەکانی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ئەوەیە کە هەمان ئەو کەسانەی لەو ڕووداوانەی ڕابردوودا بەشداربوون لە حزبەکاندا بەرپرسن. . جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە "ئەگەر هەموو سێ بۆ چوار ساڵ جارێک ئەو حزبانە کۆنگرەیان ببەستایە، ئەوا ئێستا کۆمەڵێک دەموچاوی نوێ و گەنج چووبوونە پێشەوە و دەسەڵاتیان لە حزبەکاندا دەبوو، دۆخێکی دیکە لە هەرێم دەگوزەرا". . جەختیشیکردەوە، ئەو دۆخە لە ئێستادا لە حزبەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو حکومەت. . پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1946 تا ئێستا 13 کۆنگرەی ئەنجامداوە و لە ساڵی 1999ش تا ئێستا تەنها دوو کۆنگرەی بەستووە، كۆتایی ساڵی 2010ش کۆتا کۆنگرەی خۆی بەستووە، ئەگەرچی دەبوو ساڵی 2014 کۆنگرەی چواردەیەم ببەستێت، بەڵام زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و هێشتا دیار نییە ئەو حزبە کەى کۆنگرە دەبەستێت. . عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی پێشتر بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، پارتی بەهۆی ئەو کێشانەی ڕوبەڕووی هەرێم بووەتەوە لە ڕابردوودا کۆنگرەی دواخستووە. . هاوشێوەى پارتى، یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1975 سێ کۆنگرەی بەستووە و لە 1ی حوزەیرانی 2010 کۆتا کۆنگرەی خۆی بەست، کە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حزبە بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا مانگی 10ی 2013 کۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام یەکێتی نەیتوانی لەو وادەیەدا کۆنگرە ببەستێت و دواتر بە پلنیۆمێک وادەی کۆنگرەی بۆ شەش مانگ دواخست، بەڵام پاش ئەو شەش مانگە و هەتا ئێستا نەتوانراوە کۆنگرە، ئەنجام بدات. . زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند یەکێتی بۆ ناس کورد ڕایگەیاند، ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە و هەروەها هەندێک کێشەی ناوخۆیی یەکێتی لەدوای نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێرى گشتى یەکێتى، هۆکاری ئەوە بوون کۆنگرە دوابکەوێت. . عارف قوربانی وادەبینێت بەشێکی هۆکاری دواخستنی کۆنگرە بەرژەوەندییە، بەشێکی دەسەڵاتخوازییە، یاخود ترسە لە داهاتوو، یاخود پەیوەندی بە ململانێ و کێشەی ناوخۆیی حزبەکانەوە هەیە، کە بەرپرسێک نایەوێت شوێنەکەی چۆڵ بکات بۆ کەسێکی دیکە. . "خەڵک هەیە 30 ساڵە ئەندامی سەکردایەتی و مەکتەبی سیاسییە، بانگەشەی دیموکراسیش دەکات"، عارف قوربانی وای وت. . هەر لەبارەى ئەو باسە، دوێنێ (چوارشەممە) مەلا بەختیار، لێپرسیراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە کۆڕێکدا هۆشداری بە حزبەکەی خۆیی و پارتیدا لەوەی، کە پێویستە لە دوو خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکاندا یەکێتی و پارتی خۆیان بگۆڕن، کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت، هۆشدارى ئەوەیدا "ئەگەرنا فەوزایەکی سیاسی گەورە لە هەرێم دروست دەبێت و ئەو دوو حزبە تووشی کێشەی گەورە دەبنەوە". . هەرچی تایبەتە بە حزبەکانی دیکە، دوا کۆنگرەی کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان لە 30ی ئایاری 2015دا بوو کە کۆنگرەی سێهەمی ئەو حزبە بوو، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە چوار ساڵ جارێک پێویستە کۆنگرە ببەستن، بەوپێیەش دەبوو لە کۆتایی مانگی پینجی ئەمساڵ کۆمەڵ کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانیوە لە وادەی خۆیدا کۆنگرە ببەستن. . هاوکات بزووتنەوەی گۆڕان هەرچەندە خانەی ڕاپەڕاندن تەنها حەوت ڕۆژ ماوەی یاساییان ماوە و ماوەی کارکردنیان بەسەردەچێت، بەڵام تائێستا دیارنییە کەی کۆنفڕانسی ناوخۆیی خۆیان دەبەستن. . هەرچی یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەیە لەگەڵ ئەوەى زۆرکات لەکاتی خۆیدا کۆنگرەیان ئەنجامداوە، بەڵام هەندێجار مانەوەى پۆستە باڵاکان لەلاى چەند کەسێک و بەردەوامبوونیان لە پۆستەکانیاندا ناڕەزایی لەنێو ئەندامانی ئەو حزبانەدا دروستکردووە و زۆرجار نارەزایەتییەکان تا ئاستى دەستلەکارکێشانەوەى هەندێک بەرپرسیش چووە. . عارف قوربانی لەو بڕوایەدایە، لەناو زۆرینەی حزبە کوردییەکاندا بە حزبە بچوکەکانیشەوە یاخود ئەو حزبانەی کە زۆر بێ کێشەشن، بەڵام نەبووە بە کلتور کە حزبێکی سیاسی دروست دەبێت، پابەند بێت بەو کارنامە و بەرنامەی خۆی دایدەڕێژێت. .