گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پزیشکێک لە سلێمانی لەبارەی دیاردەیەک هۆشداری بە دایک و باوکان دەدات

2022.02.20 - 20:42
App store icon Play store icon Play store icon
پزیشکێک لە سلێمانی لەبارەی دیاردەیەک هۆشداری بە دایک و باوکان دەدات

ناس کورد- 

دەرهێنانی منداڵ لە سکی دایک پێش وەختە یاخود درەنگتر لەکاتی خۆی بەهۆی بەرواری جوان خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی باو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەوتەی پزیشکانی پسپۆڕ، ئەو کارە زیان بە تەندروستیی منداڵەکە دەگەیەنێت و هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵەکە "نەبەکام" بێت.

 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەگەر پێشتر گەڕان بەشوێن ژمارەی جوانی تەلەفۆن یاخود ئۆتۆمبێل حەز و خولیا یان جۆرێک لە خۆ جیاواز نیشاندان بوبێت، ئەوا ئێستا بەشێک لە خەڵک گرنگی بە بەرواری لەدایکبوونی منداڵەکانیشیان دەدەن و هەوڵدەدەن لەدایکبوونی منداڵەکانیان بخەنە بەروارێکی دیاری کراو. 

 

بەوتەی سامان لەتیف، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی، لە بەرواری 2-2-2022  تەنها لە سلێمانی 234 منداڵ لەدایکبوون، لەو ژمارەیە کەمتر لە 40 منداڵیان لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بووە و نزیکەی 200 منداڵیان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و بەڕێگەی نەشتەرگەری لەدایکبوون، ئەو ژمارە زۆرەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو بەروارە خواستێکی زۆری لەسەر بووە بۆ لەدایکبوون، چونکە بەشێکی زۆر کەمیان بە سروشتی لەدایکبوون. 

 

"نەخۆشخانە تایبەتەکان هیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە" 

 

د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت، "لە نەخۆشخانەی منداڵبوون هیچ کات ڕێگەمان بە کاری لەوشێوەیە نەداوە کە بەهۆی بەرواری جوانەوە منداڵ پێش وەختە لە سکی دایکی دەربهێنرێت و بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی بە کاری لەوشێوەیە نادەین." 

 

وتیشی، "ئەوەی کە دەکرێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرێن، چونکە ڕەنگە هیچ سانسۆرێکی زانستی لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکان نەبێت لەو ڕووەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو کارەدا نین و دژی دەوەستین، چونکە مەترسیی بۆسەر منداڵ هەیە." 

 

پێگەیشتنی منداڵ و دروستبوونی ئەندامەکانی جەستەی و گەشەکردنی لە سکی دایکدا قۆناغ بە قۆناغ پێویستی بە 38 هەفتە هەیە، بەشێوەیەکی سروشتیش نیوەی دایکان لە هەفتەی 40ـمدا منداڵەکەیان دێتە دنیاوە، بەشێکی دیکەشیان دوای هەفتەی 40ـەم. 

 

"هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵەکە نەبەکام و ئۆتیزم بێت" 

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵ بوونی سلێمانی دەڵێت، "ڕاستە کۆرپە لە سکی دایکدا پێویستی بە 38 هەفتە بۆ گەشەکردنی تەواو، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە هەر لەدوای ئەوە دەرهێنانی منداڵ لە سکی دایکی ئاسایی بێت، بەڵکو چەند ڕۆژێکیش پێش وەختی خۆی ئەگەری هەیە کێشە بۆ منداڵەکە دروست بکات و هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی منداڵەکە نەبەکام بێت، بەڵام کاریگەری و زیانەکانی لە سەرەتادا دەرنەکەوێت." 

 

هاوکات پزیشکێکی پسپۆڕی منداڵبوون لە سلێمانی نایشارێتەوە کە زۆرینەی دایکان لەکاتی سەردانیکردنیاندا داوای بەروارێکی دیاریکراو دەکەن بۆ لەدایکبوونی منداڵەکانیان بە نەشتەرگەریی.

 

د. ئامانج ڕەحیم زەکێ، پزیشکی پسپۆڕی منداڵبوونە لە سلێمانی و دژی دەرهێنانی منداڵە لە سکی دایکدا پێش وەختی خۆی بە بیانووی بەرواری جوان و بە "ناس کورد"ی وت، "پێم سەیرە کە باس لە کاری لەوشێوەیە دەکرێت، ئەوەی ئەو کارە دەکات پزیشک نییە، ناکرێت بەهۆی بەروارێکی جوان مەترسیی لەسەر ژیان و داهاتووی منداڵێک دروست بکرێت." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "منداڵ نابێت پێش 38 هەفتە لە سکی دایک دەربهێنرێت، هەندێک هەیە دەگاتە 39 هەفتە و زیاتریش، پێش وەختە دەرهێنانیشی زیان بە منداڵەکە دەگەیەنێت لەڕووی ئەوەی کە هەناسەی منداڵەکە تەواو نابێت، وەرنەگرتنی ئۆکسجینی تەواویش زیان بە زۆرینەی ئەندامەکانی لەشی مندال دەگەیەنێت، بەتایبەت مێشک و توشبوون بە ئۆتیزم." 

 

"هەموو شتێک پەیوەستە بە هەناسەی منداڵ، هەناسەی خراپ بێت مێشکی خراپ دەبێت، جگەری خراپ دەبێت، گورچیلەی خراپ دەبێت، منداڵ تاوەکو 36 هەفتە ئەندامەکانی لەشی دروست دەبن، لەدوای 36 بۆ بۆ هەفتەی 40 منداڵ ڤیتامینات وەردەگرێت و بەهێز دەبێت، بەڵام کاتێک پێش ئەوە لەدایک دەبێت، کێشەی بۆ دروست دەبێت و منداڵێکی لاواز دەبێت." د. ئامانج ڕەحیم وادەڵێت. 

 

ئەو پزیشکە دەشڵێت، "جگە لە زوو دەرهێنان، دواخستنی لەدایکبوونیش بە بیانووی بەرواری جوان، بە نمونە لەدایکبوونی منداڵێک دوابخرێت بۆ ئەوەی بگاتە بەروارێکی جوان، هەر مەترسی هەیە و ئەگەری هەیە ڕەحمی دایکەکە بتەقێت و منداڵەکە لە سکیدا بمرێت." 

 

باسی لەوەشکرد، "زۆرینەی دایکان داوای بەرواری جوان دەکەن، بەڵام ڕەتمکردووەتەوە بیکەم و وتومە بچنە لای کەسێکی دیکە و من کاری لەوشێوەیە ناکەم، ئەگەر دایک و باوکیش هۆشیار بن مەترسی لەسەر منداڵەکانیان دروست ناکەن."

 

چارەسەر 

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی پێیوایە، کاری بەڕێوەبەرایەتی گشتییەکانی تەندروستییە چاودێریی کاری نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن و دەڵێت، "پێموایە هیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە." 

 

لە بەرامبەردا د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم پێیوایە کە وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار ناتوانن چاودێری کارێکی لەوشێوەیە بکەن و بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " ئەوە کارێکە کە ئاشکراکردنی ئاسان نییە، چۆن بزانین منداڵێک لە سکی دایکیدا لە هەفتەی چەنەمدا دەرهێنراوە، هاووڵاتییەک خۆی دەچێت کارێکی لەوشێوەیە دەکات چۆن بزانرێت." 

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکەم پێویستە پزیشکان لەڕووی زانستییەوە کارێکی لەوشێوەیە نەکەن کە دژ بە زانستە، دووەمیش دایکان و باوکان هۆشیاربن و لەپێناو بەروارێکی جواندا مەترسی لەسەر منداڵەکانیان دروست نەکەن."