گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارێزگارى بانکى ناوەندى ئەنجامى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ پەرلەمان لەبارەى نرخى دۆلارەوە راگەیاند

2022.02.20 - 18:58
App store icon Play store icon Play store icon
پارێزگارى بانکى ناوەندى ئەنجامى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ پەرلەمان لەبارەى نرخى دۆلارەوە راگەیاند

ناس کورد-

پارێزگارى بانکى ناوەندى عێراق ئەنجامى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەندامانى پەرلەمان راگەیاند، بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک لەناویاندا نرخى دۆلار.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بانکى ناوەندى لە بەیاننامەیەکدا 20-2-2022 کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند" مستەفا غالب پارێزگارى بانکى ناوەندى رۆژى شەممە لەکۆبوونەوەکەدا شیکردنەوەی پێویستى پێشکەشکردووە لەبارەى میکانزیمى کڕین و فرۆشى دۆلار و پڕۆسەى چاودێرى و کەرتى بانکى. 

   

ئاماژەى بەوەشکردووە، پارێزگارى بانکى ناوەندى هەروەها پاساوەکانى گۆڕینى نرخى دراوى بیانى و ئەنجامە بەدەستهاتووەکانى خستووەتەڕوو.

 

 پارێزگارى بانکى ناوەندى جەختیکردووەتەوە، بانکەکەکە تاوتوێی دۆسیەى نرخى دراو دەکات لەبوارە جیاجیاکاندا.

 

نرخى دۆلار لەرۆژى 18-2-2022 ەوە رووى لە نزمبوونەوە کردووە، دواى داواکەى موقتەدا سەدر بۆ بانگهێشتکردنى وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى لەلایەن پەرلەمانەوە بەمەبەستى تاوتوێکردنى دابەزینى بەهاى ئەو دراوە بەرانبەر دینار.      

  

هەریەکە لە وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى تا ئێستا جەختدەکەنەوە کە نرخى دۆلار دانابەزێت، بەڵام لەئیستادا نرخى ئەو دراوە لەخوار نرخى فەرمى بانکى ناوەندییەوە مامەڵەى پێوەدەکرێت. 

 

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا غالب، سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان جەختیکردەوە کە "نرخی دۆلار دانابەزێ و ئەوکارەش تەنھا بەئێمە ناکرێ".  

 

سۆران عومەر لە ڕوونکردنەوەیەکدا (19-2-2022) نوسیویەتی، "ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەبونی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق سەبارەت بە نرخی دۆلارو مەزادی ئاشکرای دۆلارو بردنەدەرەوەو سپیکردنەوەی پارە کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا."  

  

دەشڵێت، "بڕیاربوو وەزیری دارایی ئامادەبێت بەڵام لەنامەیەکیدا بۆ کۆبونەوەکە نەھاتنی خۆی راگەیاند، لەبەرامبەردا بەشی یاسایی لە پەرلەمان سکاڵای لەسەری تۆمارکردو قەدەغەی سەفەریان خستە سەری و بڕیارە میوانداری بکرێ لەسەر چەند دۆسێیەک."  

  

سۆران عومەر ڕوونیکردەوە کە پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە نرخی دۆلار و بردنەدەرەوەی پارە وتی، "یەکەم کەس بوم دژی زیادکردنی نرخی دۆلار بووم، وەزیری دارایی داوای کرد نرخی دۆلار زیاد بکەین چونکە داھات دابەزیوە و نرخی نەوت لە 25-30 دۆلار بوو، موچە 45 رۆژ دوادەکەوت خۆپیشاندان زیادی دەکرد بەناچاری ئەوەمان کرد."  

  

وتیشی، ئەوەی ئێستا لە وڵاتانی دراوسێ دەگوزەرێ لە دابەزینی زۆری بەھای پارەکانیان کەمکردنی پارەی یەدەگیانە، عێراق بۆ ئەوەی دەس لەپارەی یەدەگی نەدات داوای زیادکردنی نرخی دۆلار کرا،
جگە لەداھاتی نەوتی، لەسیستمی گومرگی و باج دا کۆکردنەوەی داھات گرفتی زۆرو بەھەدەردانی تیایە."  


سۆران درێژەی قسەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی باسکردووە کە دەڵێت، "لەزیادەی پارەی نرخی دۆلار بەشێکمان دابین کرد بۆ زیادکردنی مەوادەکانی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ خەڵک، بۆ ھاوکاری تۆڕی کۆمەڵایەتی."  


وتووشیەتی، "پارە دابین کرا بۆ بانکی خانوبەرە بەقەرز بەبێ زیادە، بەڵام حکومەت نرخی یەکەی نیشتەجێ بوونی لەپرۆژە وەبەرھێنانەکاندا دیاری نەکردوە بەدینار بێت، بە دۆلار فرۆشراوە بەخەڵک بۆیە قورسایی دروست کرد کە دۆلار گران بوو!"  


باسی لەوەشکردووە کە "راستە ئێستە بەرزبونەوەی دۆلار داھاتی زیادکردوە بەڵام زیانی بەژیانی خەڵک گەیاندووە، ئاردو ھەموو شتێ گران بووە ھۆکارێکی نەبونی چاودێری حکومەتە لەسەر بازاڕ، ئەبێ ئەوە چارەسەر بکرێ، نرخی دۆلار 23% زیادی کردوە بەڵام زەیتێک بە 750 دینار بووە ئێستە بە سێ ھەزار دینارە کەی خەتای دۆلارو بانکی مەرکەزییە، خەتای چاودێری حکومەتە."