گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

پەیمان عیزەدین: لەدوای بڕیارەکەی دادگا دوو لێدوانی مەترسیدار لە هەرێمەوە دەرچوون

2022.02.19 - 23:43
App store icon Play store icon Play store icon
پەیمان عیزەدین: لەدوای بڕیارەکەی دادگا دوو لێدوانی مەترسیدار لە هەرێمەوە دەرچوون

ناس کورد- 

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا دەڵێت، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێم دوو لێدوانی مەترسیدار لە هەرێمەوە دەرچوون لەلایەن دوو کەسایەتی یاسایی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینەکەیدا دەڵێت، "لە ئێستادا دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوە باش بزانن کە تەنیا ڕێگەیەک بۆ سەرپێچیکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ڕاوەستانیانە لە شەڕکردن لەسەر شەراکەت لەعیراق و ململانێ لەسەر ئەوەی کامیان عیراقچی ترن و لەخەمی یەکخستنی پێکهاتەکانی عیراقدان، دەبێت دەستبەجێ سەربەخۆیی ڕابگەیەنن کە بە دڵنیاییەوە زۆرینە ئامادەن لەبەرامبەر پرسی سەربەخۆیدا هەموو قوربانیەک بدەن بەڵام کەس ئامادە نیە قوربانی بۆ عینادی بدات." 

 

 

دەقی نوسینەکەی پەیمان عیزەدین: 



لەدوای دەرچونی بڕیاری دادگای ئیتیحادی بۆ بەنادەستوری ناساندنی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، خراپترین و مەترسیدارترین قسە و پێشنیاز کە گوێم لێبوبێ دوو قسەبون:

 

١- پارێزەر و چاودێرێکی سیاسی کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پێشنیازی بۆ پەرلەمان ئەکرد کە بەپەلە و بەهەمان ناوەڕۆکی یاسای  ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەربکاتەوە.

 

٢-سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکات کە گوێ بە بڕیارەکانی دادگای ئیتیحادی نەدات .

 

ڕەنگە بەدەر لەم دوو بەڕێزە زۆر ئەندام و بەرپرسی پارتی  هەمان قسە و داوایان کردبێ، بەڵام مەترسی قسەی ئەم بەڕێزانە جیاوازترە کەلەم چەند خاڵەدا کورتیان ئەکەمەوە ؛

 

-ئەو بەڕێزانە هەردوکیان یاساین و ڕاکانیان لەلایەن پارتەکەیانەوە بەهەند وەرئەگیرێ.

 

-کارەساتێکی یاسایی گەورە یە کەسی یاسایی کە دەبێت باش بزانێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێگەی فەرامۆش کردن نین و لەگەڵ ئەوەدا داوا لە حکومەت ئەکات ئەو بڕیارانەی دادگا فرامۆش بکات.

 

-ئەم جۆرە لە پێشنیاز لەلایەن کەسە یاساییە حیزبیەکانی هەرێمەوە ، ئەو وێنەیەمان زیاتر لا ڕۆشن ئەکات کە چۆن و لەبەرچی دادگاکان سەربەخۆ نین ، ئەوکاتەی کە ئاشکرا سەرپێچیکردنی یاسا لەلایەن یاساناسانەوە ئاسایی بوو، داوای گوێ نەگرتن بۆ یاسا و پێشنیازی فێڵی یاسایی لەلایەن پارێزەرە حیزبیەکانەوە چوە خانەی ئازایی و خەمخۆری ،ئەو کاتە هیچ گومان نامێنێ لەوەی بۆ ئەو بێدەنگیە کوشندەیە هەیە بەرامبەر  دابەشکردنی دادگاکان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا.

 

- لەهەمووی مەترسیدار ئەوەیە کە پێشنازی یاساناسان بۆ سەرپێچی بڕیاری دادگا حکومەت و حیزبەکەشیان ئەخەنە بەردەم هەڵەیەکی تری مێژویی کە باجەکەی بۆ خەڵکی هەرێم لەوەی ڕیفراندۆم کەمتر نابێ .

 

ئەگەر حکومەتی هەرێمی پارتی و یەکێتی لە خەمی خەڵکدابن ئەبێ لەمە زیاتر یاری بە ئاگر نەکەن، ئاگرێک کە سەرەنجامەکەی تەنیا خەڵکی پێدەسوتێ ،چونکە خۆیان لەهەموو حاڵەت و بارودۆخێکدا ئەزانن چۆن پارێزگاری لە داهات و سەلامەتی خۆیان و بنەماڵەکانیان ئەکەن.

 

لە ئێستادا ئەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوە باش بزانن کە تەنیا ڕێگەیەک بۆ سەرپێچیکردنی بڕیارەکانی دادگای ئیتیحادی ، ڕاوەستانیانە لە شەڕکردن لەسەر شەراکەت لەعیراق و ململانێ لەسەر ئەوەی کامیان عیراقچی ترن و لەخەمی یەکخستنی پێکهاتەکانی عیراقدان ، ئەبێ دەست بەجێ سەربەخۆیی ڕابگەیەنن ، کە بە دڵنیاییەوە زۆرینە ئامادەن لەبەرامبەر پرسی سەربەخۆیدا هەموو قوربانیەک بدەن بەڵام کەس ئامادە نیە قوربانی بۆ عینادی بدات ، عینادیەک کە هەم بە عیراقی ئەمانهێڵێتەوە و هەم ڕوبەڕوی برسێتیمان ئەکاتەوە.

 

وەک ئەوترێت دەریا لەپێشتانەوەیە و دوژمن لە دواوە ، کاتی یاریکردن لەسەر وەتەرە نەتەوەییەکان کۆتایی هات .