ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، کات کوشتن و ھەر رێککەوتنێک لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵکی هەرێم و لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەزیان دەشکێتەوە بۆ کورد و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر رۆڵی کورد لەداھاتووی عێراق، دەشڵێت، یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کورد و لەوڕوەشەوە بێھیوا نەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی (شەممە 19-2-2022) لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماوریتسیۆ گریكانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لهعێراق و میکێلێ کامیرۆتا کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لەھەرێم و تیایدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا لەسەر پرسە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئیتاڵیا تەئکیدی لێکرایەوە .
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لەدیدارەکەدا دووپات لە فراوانکردنی ھەماھەنگییەکان و ھاریکارییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەتایبەت لەگەڵ ھێزەکانی ئیتاڵیا کرایەوە بۆرووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و بەردەوامیدان بە راھێنان و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لەرێگای راوێژکارەکانیانەوە .
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئکیدی لەپێویستی یەکڕیزی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و عێراق و روونیکردەوە، "یەکگوتاریمان و تەبایمان لەھەرێم ھۆکاردەبێت بۆ پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەکانمان لە ناوەند، چونکە لێکترازانمان و ھەر دوورکەوتنەوەیەک دەبێتە ھۆی بێھێزی پێگەو قەوارەی ھەرێم بۆیە کات کوشتن و ھەر رێککەوتنێک لەدەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندی کوردستانی ویستی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەزیان دەشکێتەوە بۆ کورد و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر رۆڵمان لەداھاتووی عێراق، بۆیە یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کورد و لەوڕوەشەوە بێھیوا نەبووینە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەبارەت بە پێشخستنی کەرتی ئابوری ھەرێم و ھەماھەنگی فەرھەنگی نێوان ھەرێم و ئیتاڵیا بافڵ تاڵەبانی ھەموو کارئاسانی و ھاوکارییەکی دەربڕی بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ سەرمایەدارانی ئیتاڵی تا لەھەرێم سەرمایەگوزاری بکەن و بوونی پرۆژەی ھاوبەشیش بۆ گەشەپێدانی لایەنی کەلتووری بەزەروورزانی و داوایکرد لە حکومەتی ئیتاڵیا لەو نێوەندەدا ھاوکاری ھەرێم بکەن و یارمەتیدەربن بۆ گەشەپێدانی لایەنەکانی فەرھەنگی لەھەرێم و پاراستنی کەلتوور و رەسەنایەتی کە کۆڵەکەی مانەوە و پێشخستنی ھەرێمی کوردستانە .