ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە حکومەتی عێراق خالی گومرگیی لە ھەموو ئەو دەروازانەی دەچنەوە پارێزگانی ناوەڕاست و باشوری عێراق داناوە دەشڵێت، وەزارەتی بازرگانی و حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی (پێنجشەممە 17-2-2022) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، "ماوەیەکە حکومەتی عێراق خاڵی گومرگیی لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق داناوە و باجی خستووەتە سەر ئەو بەرھەم و کەلوپەلانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێن، پێشتریش ئەو کێشەیە ھەبووە و چارەسەر کراوە، بەڵام دیارە دیسان خالی گومرکییان داناوە.''
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھاوردەکردنی ھیچ کەلوپەلێک قەدەغە نییە، بەڵام باجیان لێ وەردەگیرێت، ئەمەیش ھۆکارە بۆ زیانگەیاندن بە بازرگانان و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەلوپەلانەی ھاوردەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێن، لەسەر سنوور باجیان لێ وەردەگیرێت و نابێت دووبارە باجیان بخرێتە سەر.''
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بازرگانیی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنی ئەو خاڵە گومرگییانە و ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە، ھەروەھا لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئاگادار کراوەتەوە، چونکە ناکرێت لە یەک وڵاتدا ڕێگە بە ھاوردەکردنی کەلوپەل بگیرێت و دووبارە باجیان لێ وەربگیرێت.''