ناس کورد-
حکومەتى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکان کە پابەندە بە رێککەوتن و گرێبەستەکان، ئەوەش دواى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دژى کەرتى نەوت و غازى هەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى زمانحاڵى پارتى وتى "کۆمپانیا نەوتییەکان دڵنیادەکەینەوە کە پابەندین بەرێککەوتنەکانمان بەرانبەریان و گومان لەهیچ رەفتار و بریارێکى خۆمان ناکەین لەکەرتى نەوتدا، ئەو بڕیارانەى داومانە دەستورى و یاسایین و ئێستاش لەگەڵ بەغدا بەردەوامین لە گفتوگۆ".
وتیشى "ئێمە ئامادەبووین بەهاى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان رادەستى بەغدا بکەین، دواتر چاودێرى دارایی هاتە هەرێم و وردبینى کرد لەو بارەیەوە، بەڵام بڕیارەکەى ئێستا هەموو ئەو هەوڵانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و کۆسپ لەبەردەم هەردوو حکومەت دروستدەکات".
"پابەندین بە رێککەوتنەکانمان لەگەڵ بەغدا، هەموو رێکارە دەستوریی و یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستورییەکان و پاراستنى رێککەوتنەکان و گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان"، جوتیار عادل وایوت.
دوێنێ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە پێویستە هەرێم پابەند بێت بە ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ.
هەر دوای بڕیارەکە، حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دژى دۆسیەى نەوت و غازى هەرێم دەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە و هەرێم دەستبەرداری مافەکانی نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون.
حکومەتى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە".
لاى خۆیەوە، حکومەتى عێراق 16-2-2022
وەزیری نەوتی ڕاسپارد پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ دانانی ڕێکار و هەنگاوی جێگرەوە بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت بەپێی دەستور و بەرژەوەندی گشتی، ئەوەش دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ی هەرێم نادەستورییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-2-2022، مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتی ئهنجومهنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ئەمنی، ئابوری و سیاسی.
لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، میوانداری وەزیری نەوتی عێراقی کراوە بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەى ئیدارەدانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات وەزارەتی نەوت سەرپشک کراوە لە پشتبەستن بە ڕاوێژکار و شارەزایان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی هونەری لەو بارەیەوە.
بەپێى بڕیارەکان، وهزیری نهوتی عێراق راسپێردراوە پهیوهندی و ههماههنگی لهگهڵ ههرێم و كۆمپانیا نهوتییهكان و وڵاتانی پهیوهندیدار بكات بەمەبەستى دانانى رێوشوێن و ههنگاوی پێویست بۆ بەڕێوەبردنى دۆسیهی نهوتی ههرێم، بەپێی دهستورو بهرژهوهندییه باڵاکان.