گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکەم هەنگاوی حکومەتی عێراق دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

2022.02.16 - 15:45
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم هەنگاوی حکومەتی عێراق دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

ناس کورد-

حکومەتی عێراق وەزیری نەوتی ڕاسپارد پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ دانانی ڕێکار و هەنگاوی جێگرەوە بۆ ئیدارەدانی  دۆسیەی نەوت بەپێی دەستور و بەرژەوەندی گشتی، ئەوەش دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ی هەرێم نادەستورییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-2-2022، مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتی ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ئەمنی، ئابوری و سیاسی.

 

لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، میوانداری وەزیری نەوتی عێراقی کراوە بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەى ئیدارەدانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

 

هاوکات وەزارەتی نەوت سەرپشک کراوە لە پشتبەستن بە ڕاوێژکار و شارەزایان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی هونەری لەو بارەیەوە.

 

بەپێى بڕیارەکان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق راسپێردراوە په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و وڵاتانی په‌یوه‌ندیدار بكات بەمەبەستى دانانى رێوشوێن و هه‌نگاوی پێویست بۆ بەڕێوەبردنى دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، بەپێی ده‌ستورو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکان.

 

دوێنێ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە پێویستە هەرێم پابەند بێت بە ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ.    

 

هەر دوای بڕیارەکە، حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دژى دۆسیەى نەوت و غازى هەرێم دەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە و هەرێم دەستبەرداری مافەکانی نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون.

 

حکومەتى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە".

 

  

بەڵام هاوپەیمانی سیادە کە لە هەردوو جەمسەرە سەرەکییەکەی سوننەی عێراق پێکدێت لەبارەى بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕایگەیاند، "دواخستنی هەندێک دۆسیەی بنچینەیی یاخود یەکلاییکردنەوەى هەندێک بڕیار لە کاتە هەستیارەکاندا دەبێتەهۆی ئاڵۆزکردنی هەوڵە دڵسۆزانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەروەها بردنی وڵات بەرەو چەند ئەگەرێکی نادیار."  

 

هاوکات حەسەن کەعبی، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدرییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بینای پەرلەمانی عێراق (16-2-2022) وتی، "ئێمە هەموومان ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەگرین و هەر بڕیارێکیش لەو دادگایەوە بێت دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."