ناس کورد-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان وردەکاریی داهاتی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت، دۆخێکی مەترسیدار لە دابەشکردنی مووچە دروست بووە، لەکاتێکدا پارەیەکی زۆر هەیە، بەڵام مووچە دوادەکەوێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (سێشەممە 15-2-2022) ڕایگەیاند، "لەگەڵ چەندین قەیران و دواکەوتنی مووچە، بەڵام دواکەوتنی مووچەی کارمەندانی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ و مامۆستایان و خانەنیشنان لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار."
وتیشی، "ئەوەش لەکاتێکدایە کە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 96 دۆلار و ئەگەر لە بەرمیلێکدا 37 دۆلاری بۆ بمێنێتەوە دەکاتە زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە و مانگانەش دەکاتە 721 ملیار دینار."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ ئەوەدا داهاتی ناوخۆ مانگانە 300 ملیار دینارە و 200 ملیاریش لە بەغداوە دێت، واتە بەگشتی دەکاتە نزیکەی ترلیۆنێک و 300 ملیار دینار، لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بە 900 ملیار دینارە بۆ مووچە."
باسی لەوەشکرد، "دەپرسم سەرباری ئەو هەموو داهاتە، بە چ بیانوویەک مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران دوادەکەوێت و ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت سکاڵا تۆمار دەکەین."