گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەرۆکى کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانى و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی

2022.02.14 - 17:01
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەرۆکى کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانى و  سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی

ناس کورد-

بافڵ تاڵەبانى و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیانکردەوە لەسەر لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافوقی نیشتمانی.

 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى بافڵ تاڵەبانى، لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانى و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی سوربوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە پێکھاتبوون لە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق.

لەمیانی کۆبوونەیەکدا پرسە سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە تاوتوێی دۆخەکە کرا و ھەڵوەستەکرا لەسەر پێشھاتەکان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافقی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی ئەمڕۆی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت.

 

کۆبوونەوە بەوردی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەڵوێستی لایەنەکانی عێراق و ھەرێم کرد، بە خوێندنەوە بۆ ئەگەرەکان و لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئەمڕۆی عێراق و پێویستی شەقام، تەئکید لە دروستکردنی تەوافق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی تر کرایەوە، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت بە گوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، زمانی دیالۆک و دورکەوتنەوە لە دەمارگیری سیاسی و نەتەوەیی بە رێگاچارەی گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەقەڵەمدرا.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چوارچێوەی ھەماھەنگی سوربوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە، بەشێوەیەک ببێتە ھۆی تەبایی و برایەتی زیاتر لەنێوان ھێزە شیعییەکان، کورد، سونە و ھەموو پێکھاتەکانی تر، ئەمەش لەپێناو ئاوەدانی زیاتر و سەقامگیری سیاسی و ئارامی و ئاسایشی زیاتر.

 

 

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پەرۆشی یەکێتی بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیی و پێکھێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و چاکساز کە خزمەتی زیاتری وڵات و خەڵک بکات.