گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرکردەیەکى پارتى: بژاردەى زۆرمان هەیە و دەبێت لەگەڵ یەکێتى بگەینە ئەنجام

2022.02.14 - 15:57
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردەیەکى پارتى: بژاردەى زۆرمان هەیە و دەبێت لەگەڵ یەکێتى بگەینە ئەنجام

ناس کورد-

 

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند، سەرەڕاى دوورخستنەوەی کاندیدی حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەوان بژاردەی زۆریان لەبەردەستدایە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە، سەرباری ململانێی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی، دەبێت بگەنە چارەسەر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 ئەکرەم ساڵح کە هاوکات بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی ناکۆکی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، بە دەنگى ئەمەریکاى وت "ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتی هەیە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەمە واتای بچڕانی پەیوەندی نێوانمان نیە، ئێمە و یەکێتی هەم گفتووگۆمان هەیە، هەم ململانێش، بۆیە دەبێت لە ئەنجامدا بگەینە چارەسەر."

 

سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم حیزبەکەی لە کاتێکدا کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک دوورخراوەتەوە، ئەکرەم ساڵەح وتی"بژاردەمان زۆرە، لە ڕۆژانی داهاتوو دەردەکەوێت."

 

بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ئاستی پابەندبوونی پارتی و عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدر بەڕێککەوتنەکەی نێوانیان زۆر باشە، وتی"ڕێککەوتنەکە لەم قۆناغەدا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت بۆ مەسەلەی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت."

 

هۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە ڕەتکرایەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسییە و توشی سەرسوڕمان بووم بەو بڕیارە."       

  

وتیشی، "بێگومانم کە هێزی سیاسی لە پشت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوەیە و سەرکردایەتی پارتی هەڵوێستی دەبێت لەوبارەیەوە و سبەینێ کۆدەبینەوە و لەوبارەیەوە بڕیار دەدەین، هەموو ئەگەرێک کراوەیە بۆ بڕیاردان."       

  

لەبارەی هەڵوێستی پارتی، باسی لەوەکرد، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن پارتییەوە نەدراوە و من تاکە کاندیدی پارتیم و تاوەکو ئێستا هیچ کاندیدێکی دیکە نییە، من چەند بژاردەیەکی یاساییم لە بەردەستە بۆ تانەدان لە بڕیارەکە، دواتر بڕیار دەدەم."