ناس کورد-
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند، پارتی و یەکێتی دوور لە چاوی میدیاکان سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکن بۆ پرسی سەرۆک کۆمار و دەشڵێت، دەرگای گفتوگۆ کراوەیە و ئەگەری ڕێککەوتن هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (شەممە 12-2-2022) دەربارەی هەڵوێستی پارتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند، " هەڵوێست و بڕیاری موتڵەق و کۆتایی بوونی نییە، بەڵکو ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە، چونکە دەرگای گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی کراوەیە و دەکرێت ڕێکبکەوین."
وتیشی، "پارتی و یەکێتی پێشتریش ناکۆکییان هەبووە، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا توند بووین بەرامبەر یەکتر، بەڵام دواتر پێکەوە حکومەتمان پێکهێناوە، ئەوەش ئاساییە، چونکە ئەمە سیاسەتە خۆ دڵداری و عەشقبازی نییە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ پۆستێکی بەغدا لە میللەت گەورەتر نییە و لە کۆتاییدا پێویستە پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون، هیچ کەسیشیان ناتوانن یەکتر بسڕنەوە، هەردوولا ئێستا دوور لە چاوی میدیاکان سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکن و پشت بە خوا ئەنجامەکەی باش دەبێت."