ناس کورد-
لە ڕوونکردنەوەیەکدا قائیمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی و دەڵێت، ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییە و رێگەش بەوە نادرێت ئەو شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی لە بارەی باخی گشتی سلێمانی
ھاوڵاتیانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و دڵسۆزان و خەمخۆرانی پایتەختی رۆشنبیری
قائیمقامیەتی سلێمانی بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین.
باخی گشتی سلێمانی کە لە ساڵی 1937 دروست کراوە دێرینترین و گرنگترین باخەکانی ئەم شارەیە ، بەشێکی گرێدراوە لەگەڵ مێژووی شارستانی سلێمانی و یادەوەری خەڵکەکەی، لەبەر دەیان ھۆکاری دیکە رێگەنادرێت ئەم سیما جوان و دیارەی شار لە ناوببرێت یان زیانی پێ بگەیەندرێت، لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی