ناس کورد-
هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دڵنیاییدا لە پەیوەندییەکانی پارتی و ڕەوتی سەدڕ و ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتی پارتی و ڕەوتی سەدڕ بەهێزە و کۆبونەوەکەی نەجەفیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە و کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بووە، دەشڵێت، لە کاندیدبوونی ناکشێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆشیار زێباری، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی کە "ناس کورد" بینیویەتی (هەینی 4-2-2022) ڕایگەیاند، "هاوپەیمانێتی پارتی سەدرییەکان هاوپەیمانێتییەکی بەهێزە و دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانیش بۆ کۆبوونەوەکەی نەجەف بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەوە بوو."
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردان کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی نەجەف و دیدار لەگەڵ موقتەدا سەدر ئەرێنی بوو."
هاوکات لەبارەی کشانەوەی لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هۆشیار زێباری جەختیکردووەتەوە، " هاوپەیمانیمان لەگەڵ ڕەوتی سەدر بەهێزە و کاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بڕاوەتەوە و ناکشێمەوە."
زیاتر بخوێنەرەوە: یەکەم هەڵوێست لە پارتییەوە لەسەر پەیامەکەی سەدر
کاندیدەکەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕاشیگەیاندووە، کاردەکەن بۆ خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت بە بەشداریی فراوانی لایەنە نیشتیمانییەکان.