ناس کورد-
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایکێک و دوو کچی لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە کوژران، بەوتەی بەرپرسانی ناوچەکەش، پیاوەکە لەپێش چاوی منداڵە شەش ساڵانەکەی دایک و نەنک و پوری منداڵەکەی کوشتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (پێنجشەممە 27-1-2022) ڕایگەیاند، " کاتژمێر 4:00ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سێ ژنی ئەندامی یەک بنەماڵە کە بریتین لە دایکێکی 55 ساڵ و دوو کچی 35 ساڵ و 31 ساڵی لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە بە چەک کوژران."
عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی کرماشان ڕایگەیاندووە، "ئەم کوشتنە لە شارەکی پەردیسی کرماشان رووی داوە و بکوژ کە خوشکەزای دایکی ئەو بنەماڵەیە و زاوای پێشووشیان بووە، دوای چوار کاتژمێر دەستبەسەر کراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بکوژەکە دانی بەوەدا ناوە کە بە هۆی ڕق و کینە ئەو کەسانەی کوشتووە."
یەکێک لە کوژراوەکان کە تەمەنی 31 ساڵ بووە پێشتر هاوسەری بکوژ بووە و پێش پێنج ساڵ لەیەکتر جیابوونەتەوە و منداڵێکی شەش ساڵانیان هەبووە کە دایکی و نەنکی و پووری لەپێش چاوی منداڵەکە کوژراون.