کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆمپانیایەکی پرۆژەی نیشتەجێبوون بە شۆفڵەوە دەچێتەسەر کۆمپانیایەکی دیکە و بەشێک لە پەرژین و دارودرەختی کۆمپانیاکە دەڕوخێنێت، سەرۆکى شارەوانى سلێمانیش دەڵێت، ئەو کێشەیە ماوەیەکی زۆرە لەنێوان هەردوو کۆمپانیاکەدا هەیە. . بەهۆی بوونی کێشەی زەوییەوە لەنێوان هەردوو کۆمپانیای "ساوس کوردستان" کە پرۆژەی نیشتەجیبوونی شاری دایک بەڕێوەدەبات و کۆمپانیای فانۆس تلیکۆم بۆ خزمەتگوزاری پەیوەندی، "کۆمپانیای ساوس کوردستان بە شۆفڵەوە چووەتەسەر کۆمپانیاى فانۆس تلیکۆم"، پەرژینى ئاسنین و دارودرەختی چواردەوری کۆمپنیاکەى ڕوخاندووە. . لەوبارەیەوە کاروان مەحمود، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە کۆمپانیای فانۆس تلیکۆم بە ناس کوردى ڕایگەیاند: "کێشەیەکی ڕوبەری زەوی لەنێوان کۆمپانیاکەمان و کۆمپانیای ساوس کوردستان هەبووە، کێشەکەمان بردە شارەوانی تا یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئەوان بێ ئەوەی شارەوانی بڕیاری کۆتایی بدات، بەیانی ئەمڕۆ بە شۆفڵەوە هاتنە سەرمان و سیاجی کۆمپانیاکەمانیان کاول کرد و چەند دارێکیشیان شکاند". . کاروان مەحمود وتیشی، بەهۆی ئەوەوە ڕێگای هاتووچۆی فەرمانبەرەکانیان پەکی کەوتووە، دەبێت لە مەودایەکی دوورەوە ئۆتۆمبێلەکانیان جێبهێڵن و بەپێ بچنە کۆمپانیاکە. . "ناکرێت، بە بەرچاوی شارەوانی و یاساوە کۆمپانیایەک بچێتە سەر شوێنێک و کاولی بکات، هەر بۆیە سکاڵامان لە پۆلیس تۆمارکردووە و چاوەڕوانی بڕیاری لایەنی پەیوەندیدارین"، کاروان مەحمود واى وت. .