گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لە پاسدارانەوە دەگوازێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە

2019.03.13 - 10:12
ئێران پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لە پاسدارانەوە دەگوازێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە

 

 

ناس کورد-

 

 

چیتر مەلەفی عێراق لە ئێران لای سوپای پاسداران نابێت، بەڵکو دەگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی مەدەنی ئەویش وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، ئەوەش بەوتەی دیبلۆماتکارێکی ئێرانی.

 

بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان لە تاران ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دوای سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار بۆ عێراق ئەو بڕیارە دراوە.

 

دیبلۆماتکار ئەمیر موسەوی لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەکی كەناڵی عەهدی عێراقی ئاشكرای كرد، كە سەردانەكەی سەرۆك کۆماری ئێران بۆ عێراق پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی "زۆر بەرەوپێش بردووە."


ئەمەش بخوێنەرەوە: لە یەک ڕۆژدا ڕۆحانی ڕێککەوتنی نەوتی و پیشەسازی و بازرگانی و پزیشکی لەگەڵ عێراق واژوو کرد

 

موسەوی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە كە رۆحانی كۆمەڵێك چاوپێكەوتنی گرنگ و گاریگەری لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام داوە، "بەو هۆیەشەوە پرسی مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق لە فەیلەقی قودسەوە كە قاسم سلێمانی سەرپەرشتی دەكات گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران".

 

 

 هەر لە میانە قسەكانیدا بۆ كەناڵە عێراقییەکە، ئەمیر موسەوی باسی لەوە کردووە  کە ئەو ژمارە زۆرەی رێککەوتنی ئابوری و بازرگانی و سیاسیی کە ئیمزاكران لە نێوان ئەو دوو وڵاتە "نیشانەیەكی دیکەیە كە عێراق سەربەخۆیە و سەر بەهیج وڵاتێكی تر نیە، هەروەها شوێنێكە بۆ گرێدانی ڕێكکەوتن و لێكتێگێشتنە هەرێمایەتییەکان."