گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەکى بێدەنگ و شەش چەکدار

نهێنى نوێ لەبارەى هێرشەکەى داعش لە عوزێم ئاشکراکرا

2022.01.23 - 23:33
App store icon Play store icon Play store icon
نهێنى نوێ لەبارەى هێرشەکەى داعش لە عوزێم ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک ئەفسەر و بەرپرسى پڕۆسەکانى دیالە رەوانەى دادگا دەکرێن، بەهۆى هێرشەکەى داعشەوە لە عوزێم کە بەهۆیەوە ١١ سەرباز کوژران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا یەحیا رەسوڵ لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەو شوێنەى کە هێرشیکراوەتەسەر بارەگاى سریە بووە، کە بە خۆڵ و تەلبەند وخەندەق پارێزراوە، لەگەڵ بورجێکى کۆنکرێتى چاودێرى و کامێراى حەرارى، پاسەوانى شوێنەکە بەچەکى بێدەنگ کوژراوە و داعش خراپى دۆخى کەشوهەواى قۆستووەتەوەو چووەتەناو بارەگاکەوە.

 

دەشڵێت، چەند رۆژێک پێش هێرشەکە بروسکەى ئەمنى گەیشتووەتە بارەگاکە لەبارەى ئەگەرى هێرشکردنە سەر سریەکە.

 

یەحیا رەسوڵ باسى لەوەشکرد، سەربازەکان بەرپرسیار نین، بەڵکو فەرماندەى لیوا و فەوج و ئەفسەرەکان بەرپرسیارن و رەوانەى دادگا دەکرێن و ئەنجامەکەشى بۆ راى گشتى ئاشکرادەکرێت.

 

  جەختیشیکردەوە، ئەگەر ئامادەباشى پێشوەخت هەبوایە چەکدارەکانى داعش نەیاندەتوانى بگەنە سریەکە.

    

بەوتەى یەحیا رەسوڵ، چەکدارە هێرشبەرەکانى داعش ژمارەیان شەش کەس زیاتر نەبووە، یەک سەرباز لە دەرگاى بارەگاکە بووە و ئەوانەى تر سەرجەمیان لەپشوودا بوون.

 

سەرچاوەیەکى ئەمنى (21-1-2022) رایگەیاند، چەکدارانى داعش لەسنورى پارێزگاى دیالە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکى سوپاى عێراق و بەهۆیەوە 11 سەرباز کوژراون.  

  

سەرچاوەکە بۆ "ناس" ئاماژەى بەوەکرد، هێرشەکەى داعش بۆ سەر بارەگاى سریەى یەکەمى فەوجى یەکەمى سوپا بووە لە ناوچەى تالعە لەناحیەى عوزێم، بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازى سریەکە کوژراون كە ژمارەیان تا ئێستا 11 سەربازن.      

  

وتیشى هێزێکى سوپا گەیشتووەتە شوێنى هێرشەکە و قوربانییەکانیان بۆ پزیشکى داد گواستووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.   

 

دواى هێرشەکە، پارێزگاری دیالە رایگەیاند، هۆکارى کوژرانى 11 سەربازەكەی عوزێم بەهۆى هێرشى داعشەوە کەمتەرخەمى بووە.  

  

موسەننا تەمیمی بە ئاژانسی فەرمى عێراقى راگەیاند "لە عوزێم كە دەكەوێتە ناوچەی نێوان سنوی پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین هێرشكراوەتە  سەر ئەندامانی فیرقەی یەك".    

  

 وتیشى "هۆکاری سەرەکی کەمتەرخەمی سەربازەكانە چونکە بارەگاکەیان قەڵایە و کامێرای حەراریی و دووربینی شەوانیان هەیە و هەروەها بورجێکی کۆنکریتی چاودێریشیان هەیە".    

 

هەر لەبارەى هێرشەکەوە، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق (21-1-2022) رایگەیاند، هێرشەکەى عوزێم بەبێ تۆڵەی بەزەبر تێناپەڕێت.   

 

کازمى لە تویتێکدا نوسیویەتى "ئەو تاوانە تیرۆریستییەی لە دیالە بەرامبەر رۆڵەكانمان لە سوپا ئەنجام درا، بەبێ تۆڵەی بەزەبر تێناپەڕێت و هێزەكانمان وەڵامی شایستەیان دەبێت بۆ تیرۆریستان. پێویستە هێزە قارەمانەكانمان ڕێگربن لەدووبارەبوونەوەی ئەم خروقاتە و لە هەموو جێگایەك كێوماڵی تیرۆیستان بكەن. دروود بۆ شەهیدەكان".