گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

ئەنجامى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى یەکێتى: یەک کاندید بۆ سەرۆک کۆمار

2022.01.23 - 18:50
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجامى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى یەکێتى: یەک کاندید بۆ سەرۆک کۆمار

ناس کورد-

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى سەرکردایەتى حزبەکەیاندا جەخت لەکاندیدکردنى بەرهەم ساڵح بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار کراوەتەوە و کۆمەڵێک بڕیارى "گرنگ" دراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەتا سەراوى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى و بەشداربووى کۆبوونەوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتى "لەکۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بریاری گرنگی تێدا درا، هەر لە کەیسی سەرۆک کۆماری عێراق و پابەند بوونی یەکێتی بە یەک کاندید کە ئەویش (دکتۆر بەرهەم) ، هەروەها جەختکردنەوە لە سەرجەم چاکسازییەکان لە حیزب و حکومەت، دواتر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەحزابی عێراقی و لایەنە کوردستانییەکان وە ئامادەبوون بۆ هەر ئەگەرێک".

 

 

لاى خۆیەوە، بێستوون سابوراوایی ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لەبڵاوکراوەیەکدا باسى لەوەکردووە "کۆبوونەوەیەکى سەرکەوتووانەی ڕژد لەسەر پرینسیپە نەگۆڕەکانی یەکێتی بەرانبەر بە سیاسەتی کاری حیزب لە سەرئاستی عێراق و کوردستان و دیاریکردنی هەڵوێست سەبارەت بە کاری پێکەوەیی و وەستانەوە بەرانبەر ئەوانەی بەرژەوەندی تایبەت و خێڵەکێتی دەخەنە پێش بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان".

 

پێشتر میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستیپێكردووە، بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر دیاریکردنی کاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەدرێت.  

  

دوێنێ چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی یەکێتی ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئەو حزبە بەرهەم ساڵح وەک تاکە کاندید دەستنیشان دەکات، ئەوەش سەرباری ڕێگری پارتی لەو هەنگاوە.  

  

لەلایەکی ترەوە، پارتی هۆشیار زێباری کاندید کردووە بۆ پۆستەکە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پۆستی سەرۆککۆمار بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن مافی ئەوانە و ئەگەر ڕازیبن بدرێتە یەکێتی، ئەوا دەبێت یەکێتی زۆر سوپاسگوزار بن.  

  

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕووداوی (22-1-2022) ڕاگەیاند، "ئەگەر پارتی بەوە رازی ببێت کە سەرۆککۆمار بە یەکێتی بدرێت، دەبێت یەکێتی زۆر سپاسگوزار بێت، چونکە ئەو پۆستە بەپێی هەڵبژاردن مافی پارتییە. تاوەکو ئێستا یەکێتی ئامادەی رێککەوتن نەبووە لەسەر ئەو پۆستە، بۆیە ئێمە بەربژێرمان هەبووە. ئێمە لەگەڵ چەند لایەنێکدا رێککەوتنمان هەیە و پێشمانوایە کە بەربژێرەکەمان سەردەکەوێت."  


ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی وتی، "ئێمە زۆر بە راشکاوانە لەگەڵ برایانی یەکێتیدا قسەمان کردووە کە سەرۆککۆمار بەپێی نەریتی سیاسی بووە بە هی کورد نەک بە دەستوور یان یاسا. ئێمە ئەو کات رێککەوتنێکی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتیدا هەبوو کە سەرۆککۆمار بە یەکێتی بدرێت. ئەو کات بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانمان کرد و بەپێی ئەو رێککەوتنەیش پۆستەکان دابەش کرابوون."  

  


عەلی حوسێن وتی، "یەکێتی دەستپێشخەر بوون کە بڵێن ئەو رێککەوتنە نەماوە. خۆیان لە راگەیاندنی خۆیانەوە و سەرکردەکانیان دەیانگوت ئەو رێککەوتنە نەماوە. کاتێکیش رێککەوتنی سیاسی نەما، دەبێت بۆ مافی ئەنجامی هەڵبژاردن بگەڕێینەوە. بە هەموو لایەنە کوردییەکانەوە سەنگیان هێندەی پارتییە. ئیدی یەکێتی لەسەر چ بنەمایەک داوا دەکات کە سەرۆککۆمار لە کورددا دەبێت بۆ ئەو بێت؟"  

  

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر یەکێتی داوای پۆستی سەرۆککۆمار بکات و ئەو چاوەڕوانییەی لە پارتی هەبێت کە رەچاوی بکات و لەبەر بەهێزبوونی پێگەی سیاسیی کورد بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ستراتیژی، دەبێت لە دەستنیشانکردنی سەرۆککۆماردا رەچاوی بۆچوونی پارتیش بکات، چونکە نوێنەرایەتیی کورد دەکات.  

  

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی وتی: "تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو پرسە لە گفتوگۆداین و کۆتایی نەهاتووە. ئەگەر یەکێتی ئامادە بێت لەسەر کۆمەڵیک بابەت رێکبکەوین، دەبێت رێککەوتنێکی ستراتیژیی بکەین لەسەر حکومەت، هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆن. پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن نەک بەشێکیان لە حکومەت بن و بەشێکیان لە ئۆپۆزیسیۆن. لە هەمان کاتدا دەبێت لەسەر ناوچەکانی ماددەی 140 رێکبکەوین؛ تاوەکو ئێستا پارێزگاری کەرکووک دانەنراوە و دەبێت کەسێکی کورد بێت کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناخە و کەرکووکدا بێت. ئێمە دەبێت لەگەڵ یەکێتیدا لەسەر ئەو بابەتانە بگەینە ئەنجام و چارەسەر."  

  

عەلی حوسێن ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان و یەکێتی لە دانیشتنی دیکەیشدا لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگییان هەبووە. هەروەها پێکیشەوە سەردانی لایەنە عێراقییەکانیان کردووە. پارتی بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووی عێراقدا و خوێندنەوەی هەلومەرجی ئێستا دیدگایەکی روونی هەیە بۆ ئەوەی نەبێتە دیلی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و نەبێتە پاشکۆ و ئەوان بڕیار لە چارەنووسی نەدەن.  

  

عەلی حوسێن وتیشی: "ئێمە کۆمەڵێک گرفتمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە. لەگەڵ حکومەتی کازمیدا لەسەر پرسی ئاساییکردنەوەی شنگال رێککەوتنمان کرد، بەڵام لە دەرەوەی حکومەت رێگرن کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت. پێمانوایە دەبێت هەوڵ بدەین ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانە، ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن، ئەوانەی لە پەرلەمان بەهێزن و سەرۆکوەزیران دیاریی دەکەن و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی حکومەت هەیە لەگەڵیاندا رێکبکەوین بە تایبەتی ئەوانەیان کە لێمانەوە نزیکن و لێمان تێدەگەن."  

  


بەرپرسەکەی پارتی وتی: "لە راستیدا ئێمە نابینە لایەن، دەرفەتمان بۆ هێشتوونەتەوە، بەڵام ئێمەیش پرسێکمان هەیە و بەرژەوەندییەکانی خۆمان ناکەینە قوربانیی دوو لایەنی شیعە یان سوننە کە ئاخۆ رێکدەکەون یان نا. ئێمە پێمانوایە چ لایەنێک لە ئێمەوە و لە پەیام و رێککەوتنی ئێمەوە نزیکە لەگەڵ ئەودا بین، بەڵام دیسانەوە دەرفەت دەهێڵینەوە و نابینە لایەن."  


عەلی حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانیش پێویستیان بە کارتێکی بەهێزە بۆ ئەوەی بە دەستیانەوە بێت و پێیانوایە لەم خولەی پەرلەماندا کارتی بەهێز بە دەستی کوردەوە هەیە، بە تایبەتی بە دەستی پارتییەوە.  


عەلی حوسێن گوتی: "پۆست بە لای ئێمەوە گرنگ نییە؛ کاتی خۆی جێگری پەرلەمانی عێراق مافی ئێمە بوو کە دامانە گۆڕان، کەچی بینیمان ئەو نوێنەرەی گۆڕان کەوتە سەنگەری ئەوانەی کە شۆڤێنین دژی هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەی دیدگای هەرێمی کوردستانەوە کاری دەکرد. ئێمە نامانەوێت ئەمە دووبارە بکەینەوە."  

  

وتیشی: "دەمانەوێت رێککەوتنێک بکەین کە ببێتە بناخەی پێکەوەکارکردن و هێزی هەرێمی کوردستان و، ببێتە پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ئابوورییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە چاک بکرێتەوە، چونکە ئەوە بەهۆی سیاسەتەوەیە کە وای لێهاتووە. ئەو کات دەتوانین بابەتی ماددەی 140 و پرسی مافەکانی پێشمەرگە و سنوورەکان چارەسەر بکەین."  

  

عەلی حوسێن پێیوایە، پۆست بۆ ئەوەیە ئامڕازێک بێت بتوانێت لە بەغدا نوێنەرایەتیی کورد بکات. پۆست ئەگەر بۆ ئەوە بێت بۆ خۆی و حیزبەکەی کار بکات و بە پێچەوانەی دیدگا و بەرنامەی هەرێمی کوردستانەوە کار بکات، ئیتر ئەو پۆستە کەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات؟!  

  

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی نەیشاردەوە کە ئەوان لەگەڵ یەکێتیدا بە ناراستەوخۆیش پەیوەندییان هەیە و لە هەندێک بواریشدا تێگەیشتن هەیە، بەڵام دۆخی ناو یەکێتی دۆخێکی تایبەتە و، ئەوانیش لەو بارودۆخەیان تێدەگەن.  

  

عەلی حوسێن گوتی: "ئەوە بۆ یەکێتی ئاسان نییە کە بەربژێر دیاری بکەن یان بیگۆڕن. ئەمە بۆ ئەوان ماوەتەوە تاوەکو بزانین چی دەکەن. رەنگە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسییان هەبێت. رەنگە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆیشیان لەگەڵ ئێمەیشدا هەبێت. ئەگەر بگەنە ئەنجامێکی گونجاو کە جێگەی رەزامەندیی هەردوو لا بێت، بە دڵنیاییەوە پارتی بۆ لێکتێگەیشتن ئامادەیە. بەڵام ئەگەر ئەوان هەر بیانەوێت یەکلایەنە بەبێ رەچاوکردنی دیدگای ئێمە بەربژێر دیاری بکەن، بە دڵنیاییەوە ئێمەیش بۆچوونی خۆمانمان دەبێت و بەربژێریشمان دەبێت. پێمان ناخۆشە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە."  

  

بەشێک لە شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە پارتی و یەکێتی لە بەغدا هەوڵ بۆ دەستکەوتی سیاسیی خۆیان دەدەن و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی کورد نادەن. بەڵام عەلی حوسێن ئەو بۆچوونە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "پۆست بە لای ئێمەوە وەک پارتی گرنگ نییە؛ کاتی خۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مافی ئێمە بوو کە دامانە گۆڕان، کەچی بینیمان ئەو نوێنەرەی گۆڕان کەوتە سەنگەری ئەوانەی کە شۆڤێنین دژی هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەی دیدگای هەرێمی کوردستانەوە کاری دەکرد. ئێمە نامانەوێت ئەمە دووبارە بکەینەوە."  

  

وتیشی: "دەمانەوێت رێککەوتنێک بکەین کە ببێتە بناخەی پێکەوەکارکردن و هێزی هەرێمی کوردستان و، ببێتە پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ئابوورییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە چاک بکرێتەوە، چونکە ئەوە بەهۆی سیاسەتەوەیە کە وای لێهاتووە. ئەو کات دەتوانین بابەتی ماددەی 140 و پرسی مافەکانی پێشمەرگە و سنوورەکان چارەسەر بکەین."  

  

عەلی حوسێن پێیوایە، پۆست بۆ ئەوەیە ئامڕازێک بێت بتوانێت لە بەغدا نوێنەرایەتیی کورد بکات. پۆست ئەگەر بۆ ئەوە بێت بۆ خۆی و حیزبەکەی کار بکات و بە پێچەوانەی دیدگا و بەرنامەی هەرێمی کوردستانەوە کار بکات، ئیتر ئەو پۆستە کەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات؟!.  

  

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی نەیشاردەوە کە ئەوان لەگەڵ یەکێتیدا بە ناراستەوخۆیش پەیوەندییان هەیە و لە هەندێک بواریشدا تێگەیشتن هەیە، بەڵام دۆخی ناو یەکێتی دۆخێکی تایبەتە و، ئەوانیش لەو بارودۆخەیان تێدەگەن.