گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکەی بزانە

نرخی قوماش لە هەرێم بەڕێژەی 30% گران بووە

2022.01.23 - 08:53
App store icon Play store icon Play store icon
نرخی قوماش لە هەرێم بەڕێژەی 30% گران بووە

ناس کورد-

لەئێستادا نرخی قوماش لە بازارەکانی جیهاندا گران بووە، ئەمەش کاریگەری کردوەتە سەر بازاڕی جلوبەرگی ئامادەکراو لە فرۆشگاکان و نرخەکانی بەرزبووەتەوە، بازرگانێکی قوماشیش دەڵێت، “بەرزبونەوەی نرخی نەوت و کەمی بەرهەمە سەرەتاییەکان وایکردووە قوماش گران بێت”.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەتا حاجی رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانی قوماش بە ڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” وت، “لەئێستادا نرخی قوماش بەڕێژی 30% گران بووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت کەوا دەکات تەواوی بەرهەمە پیشەسازیەکان گران بێت، تەنها لە عێراق لەبەرئەوەی بەرهەمی پیشەسازی تێدا کەمە بوینەتە وڵاتێکی بەکاربەر نەک بەرهەمهێن، نرخی نەوت کاتێک گران دەبێت قوماش گران دەبێت، هەروەها لۆکەو خوریو هاوکات ماددەی پۆلیستەر کە لەنەوت دروست دەکرێت قوماشی پێ بەرهەم دێت گران بووە”.

 

وتیشی، “هاوردەکردنی قوماش بەزۆری لەوڵاتی چینەوە دەکرێت و لە وڵاتی هندستان و ئەندەنوسیا و تایوان و تایلەند هاوردەی قوماشی ژنان و پیاوان دەکرێت”.

 

عەتا حاجی رەجەب ئاماژە بەوەش دەکات کە نرخی قوماش بەڕێژەی 30% گران بووە، ئەگەر قوماشێک پار ساڵ هەر مەترێکی بە هەشت دۆلار بووبێت ئێستا بووەتە 9 دۆلارو 20 سەنت، ئەمەش بۆ بازاڕو فرۆشتن کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بازاڕ”.

 

ئەم بازرگانەی قوماش ئەوەشی ڕوونکردەوە کە هاوردەکردنی قوماش بۆ هەرێمی کوردستان زۆرە، بەتایبەت قوماشی ئافرەتان زۆرترە لەبەرئەوەی خواست لەسەری زۆرەو نرخیشی هەرزانترە و هاوڵاتیان گرنگی بەدورینی جلوبەرگیش دەدەن وەک ئەوەی کە جلی ئامادەکراو بکڕن.

 

نرخی جلوبەرگی ئامادەکراو لەوڵاتانی بەرهەمهێنەر گران بووە بەهۆکاری بەرزبونەوەی نرخی قوماش، ئەوەش وایکردووە لەئێستادا نرخی جلوبەرگی ئامادەکراو لەبازاڕەکانی کوردستان بەرزبونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

 

زریان سیروان، یەکێک لە بازرگانانی هاوردەکردنی جلوبەرگی ئامادەکراو بەڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” وت “وڵاتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین جلوبەرگی ئامادەکراوی تیادا دروست دەکرێت، ئێمەش لەوێوە جلوبەرگ هاوردە دەکەین، لەئێستادا دەوترێت نرخی لیرە دابەزیوە دەبێت جلوبەرگ هەرزان بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لەکاتی ئامادەکردنی جلوبەرگدا پێویستیان بە بەرهەمی سەرەتایی هەیەو ئەو بەرهەمانە لەدەرەوەی تورکیا هاوردە دەکرێتو بەدۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت”.

 

وتیشی، “وڵاتی تورکیا گەر قوماش هاوردە نەکات ئەوا پێویستی بە بەرهەمی سەرەتایی دروستکردنی قوماشە کە ئەوەش لۆکەیە، هەرچەندە تورکیا خۆشی پەموو لۆکە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هێشتا بەشی ناکاو لۆکەش هاوردە دەکات لەوڵاتی پاکستانەوە، هاوکات ماوەی دوو ساڵیشە وڵاتی چین لۆکەی پاکستان دەکڕێت بەهۆی کەمی لۆکە لەوڵاتەکەی، ئەمەش وایکردووە نرخی بەرهەمە سەرەتاییەکان دوو هێندە زیاد ببێت بەراورد بەساڵی ڕابردوو”.

 

زریان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “لەماوەی دوو مانگدا لەوڵاتی تورکیا نرخی هەر تیشێرتێک یەک دۆلارو 30 سەنت زیادی کردووە، سەرەتای مانگی دەی 2021 لەوڵاتی تورکیا تیشێرتم کڕیوە بە پێنج دۆلار، بەڵام سەرەتای مانگی دوازدەی 2021 نرخی ئەو تیشێرتە بووە بەشەش دۆلارو 30 سەنت، پێدەچێت ئەو نرخانەش زیاتر بەرز ببنەوە”.

 

ئەوەش ڕووندەکاتەوە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی وایکردووە نرخی تەواوی کاڵاکان لەتورکیا گران بێت، هاوڵاتیان بەدەست زیادبونی باج و گرانبونی نرخی خۆراک و هۆکارەکانی گواستنەوە گیرۆدەن، بەرزی نرخی بەهای دۆلار وایکردووە هەموو پێداویستیەکانو دەستی کاریش گرانبێت لەوڵاتی تورکیا”.


ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆری جلوبەرگ بەکوالێتی جیاجیا خراونەتە ڕوو، کڕیاران هەریەکەیان بەپێی خواستی خۆیان دەیانکڕن، کە نرخەکانیان بەپێی کوالیتیان جیاوازە.
ئەو وتی “ساڵانی ڕابردوو هاوڵاتیان خواستیان لەسەر کوالێتی باشی قوماش بوو، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە کێشەیان نییە، کوالێتی چۆن بێت تەنها کەمێک ڕەونەقی هەبێت، دەڵێن بۆ دوو سێ جارە لەبەری دەکەین، بۆ پارەیەکی زۆری پێبدەین لەم قەیرانەدا”.

 

بەشێکی زۆری کاسبکاران و بازرگانانی جلوبەرگی ئامادەکراو لەوڵاتی تورکیاوە زۆرترین جۆرەکانی جلوبەرگ دەهێننە هەرێمی کوردستان، گرانبونی هەرجۆرە کاڵایەک لەو وڵاتە کاریگەری دەبێت لەسەر کڕیاران لەناوخۆی هەرێمی کوردستان.

 

بەشێک لەبازرگانان خوازیارن کە حكومەتی هەرێم هاوکاریان بێتو پشتیوانی مادییان بکات لەهێنانی کارگەی دروستکردنی قوماش بۆ کوردستان، لەبەرئەوەی ساڵانە پارەیەکی زۆر دەڕواتە دەرەوە بۆکڕینی قوماش، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئابوری هەرێم هەبووە.


عەتا حاجی رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانی قوماش ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە بەملیۆنەها دۆلار دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی قوماش، چین و هیندستان و تورکیا سەرچاوەی ژیانی هەموو کوردستانن بۆ قوماش، ئەو وتی، “ئەگەر ئەو کارگانە بهێنینە کوردستان کە قوماش دروست دەکەن، داهاتێکی باش بۆ کوردستانو حکومەت دەگەڕێتەوە، دیارە لەئێستادا ناتوانین ئەو کارگانە بهێنین چونکە پێویستی بەتێچونێکی زۆر هەیە، هیوادارم لەچەند ساڵی داهاتودا بەهاوکاری حکومەت ئەوکارگانە بهێنینە هەرێمی کوردستان، چونکە داهاتێکی باش دەگەرێتەوەو هەلیکاری زیاتریش بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت”.