ناس کورد-
بەگوێرەی پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران بارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام وتەبێژی کەشناسیی هەرێم دەڵێت، ئەوان تاوەکو دوو ڕۆژ پێش شەپۆلەکە هیچ پێشبینییەک بڵاوناکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییە ناوخۆیی و جیهانییەکان، "ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت ڕۆژانی پێنجشەممە و ھەینیش بگۆڕێت بۆ بەفربارین بەتایبەت لە سلێمانی و دهۆک."
لەوبارەیەوە، ئەژی چەتو، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"کەشناسیی ھەرێمی کوردستان 48 کاتژمێر پێش ھەر شەپۆلێک پێشبینییەکانی بڵاودەکاتەوە، بەڵام ئەوەی هەیە لەمڕۆ بەدواوە پلەکانی گەرما تا ڕادەیەک بەرز دەبنەوە، ئەویش بەھۆی نەمانی بارستە ھەوای سارد و توانەوەی بەفر، بەڵام دواتر ھەر شەپۆلێکی دیکە ھەرێم بگرێتەوە پلەکانی گەرما دیسان بەرەو نزمبوونەوە دەچن.''
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ شەممە نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمار کرا کە گەیشتووەتە 24 پلەی ژێر سفر و بەوەش بە ساردترین ناوچە دەژمێردرێت، لەگەل ئەوەشدا لەوانەیە لە ھەندێک ناوچە پلەی نزمتر تۆمار کرابێت، بەڵام لوتکەی چیایەک، یان شوێنێکە کە نیشتەجێبوونی تێدا نییە.''