ناس کورد-
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەسەر دیاردەی مەلەکردن لە کەشێکی سارد و سەرکێشیکردن لە شوێنە مەترسیدارەکان هاتەدەنگ و دەڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە لە میدیاکانەوە دەبێتەهۆی لاساییکردنەوە و مەترسیدارە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە پەیامێکدا هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر (پێنجشەممە 20-1-2022) ڕایگەیاند، "ماوەیەکە دیاردەی مەلەکردن لە چەم و رووبارەکان لە کەشێکی سارد و بەفراویدا و سەرکێشیکردن لە شوێنە مەترسیدارەکان لەلایەن بەشێک لە هاونیشتمانییانەوە سەری هەڵداوە کە دیاردەیەکی نادروست و ناساغڵەمە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " هەروەها وێنە و ڤیدیۆگرتن و بڵاوکردنەوەی لەلایەن میدیاکانەوە، پاڵنەر و رێخۆشکەر دەبێت بۆ لاساییکردنەوە و هاندانی هاونیشتمانیان بەو دیاردە نادروستە."
دەشڵێت، "هیوادارین، هاونیشتمانیان زیاتر خۆیان بپارێزن و میدیاش بەرپرسیارانە بە ئەرکی خۆی هەستێت و کار لەسەر کاڵکردنەوەی ئەم جۆرە رەفتارانە بکات نەک پاڵنەربێت بۆ چاولێکەری."