گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەى لەتیف ڕەشید؟

لێدوانێک لە یەکێتییەوە: دکتۆر بەرهەم تاکە کاندیدە و ناچینە ژێر هیچ فشارێک

2022.01.19 - 08:48
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانێک لە یەکێتییەوە: دکتۆر بەرهەم تاکە کاندیدە و ناچینە ژێر هیچ فشارێک

ناس کورد-

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە "کاندیدی فەرمی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵحە" و ڕایگەیاند، "بافڵ تاڵەبانی خۆی چووەتە بەغدا و پشتگیری بۆ ناوبراو دەربڕیوە." 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ڕێزان شێخ دلێر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا (18-1-2022) ڕایگەیاند، "یەکێتی ناچێتە ژێر باری هیچ فشارێک، پێویستە پارتیش یەکێتی نەکاتە قوربانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار چونکە ئەو کات خۆی دەبێت تەحەمولی ئەنجامەکەی بکات."

 

دەشڵێت، "تاکە کاندیدی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پێشتر لە کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوە زۆر دڵنیایی بێت بۆ هەموو کەس کە بەڕێز د. لەتیف ڕەشید وەک کاندیدێکی سەربەخۆ خۆی خۆی کاندیدکردووە، دەیەوێت فرسەتێک بەدەست بهێنێت ئەو پۆستە وەربگرێت، هەروەک لە 2018ش خۆی کاندید کرد، ئێستاش وەک خۆی دەڵێت چۆتە لای پارتی و دەیەوێت سوود لەوە ببینێت کە گوایە پارتی دژایەتی د. بەرهەمیان کردووە و ئەوان خۆیان کاندیدییان هەیە، بەڵام ئەوە بە دڵنیایی من دڵنیاتان دەکەمەوە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(بافڵ تاڵەبانی) خۆی هاتۆتە بەغداد و پشتگیری د. بەرهەمی کردووە بۆ کاندیدبوونی وەک کاندیدی فەرمی یەکێتی، ناوی بە فەرمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئێستا ئەوە ماوەتەوە کە ئیتر ئیش بکەین لەسەر ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە."

 

دەربارەی ئەوەی بۆچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی ڕایناگەیەنێت کە د. بەرهەم کاندیدی فەرمیەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار؟ ڕێزان شێخ دلێر وتی، "ڕاگەیاندنی بۆچیە خۆ هەموو ڕۆژێک ناوترێت وتومانە و بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیە کە د. بەرهەم کاندیدی فەرمیە، بەداخەوە دەڵێم ئەوی دەوترێت هەر ڕۆژەی ئەوە پڕوپاگەندەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بۆ حزبەکانی تری دەکات، لە کاتێکدا یەکێتی حزبێکە خاوەن بڕیاری خۆیەتی و سکرتێری گشتیەکەی خۆی هاتووە بۆ بەغداد داوای لە د. بەرهەم کردووە خۆی کاندید بکاتەوە و ببێتە کاندیدی فەرمی یەکێتی وە پشتیوانی خۆشی بۆ دەربڕیووە، وە یەکێتی خۆی داوای لە د. بەرهەم کرد کە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆمار."

 

دەربارەی ئەوەی هەتا چەندە دڵنیان کاندیدەکەیان دەردەچێت و دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار؟ ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی، "بە دڵنیایی دڵنیاین لە سەرکەوتن، چونکە کاندیدی لایەنی بەرامبەر تۆمەتبارە بە چەندین دۆسیە لە دەستەی دەستپاکی، هەروەک دەزانرێت لە خولی سێیەمی پەرلەمانی بە دەنگی 179 پەرلەمانتار لە پۆستەکەی ئیقالە- دەرکرا. ئێستاش ئەو دۆسێیانە هەرماون بۆیە بڕواناکەم ئەگەرچی سەدرییەکان ڕێککەوتنی سیاسیشییان هەبێت بەڵام ڕازی بن بە دەنگدان بە کەسێک کە مەلەفی لەسەر بێت، چونکە دەزانن وەرگرتنی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن ئەو کاندیدەی پارتیەوە کۆتایی عێراقە، من وای بۆ دەچم لەم چەند هەفتەیە دەستبکرێتەوە بە خۆپیشاندان دژی ئەو کەسانەی مەلەفی گەندەڵییان لەسەرە و پۆستی سەرۆکایەتیەکان وەردەگرنەوە."

 

بە وتەی ڕێزان شێخ دلێر ئەگەر کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت ئەوا" سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت لە لایەن ئەو لایەنانەی پێشتر ئیقالەیان کرد"، دەشڵێت" دڵنیان ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانەش قبوڵی ناکەن بۆیە ئەو پۆستەش بەدەستبهێنن دواتر لە ڕێگای دادگای فیدراڵیەوە لادەدرێت لەو پۆستە وە ئەوە دەبێتە ئیهانەیەکی گەورە بەخۆیان، چوکە مەلەفی هەیە لەناو پەرلەماندا کە دەنگی خەڵکە بە دەنگی خەڵک کراوەتە دەرەوە. "

 

ڕێزان شێخ دلێر وتی، "بێگومان د. بەرهەم هەم وەک سەرۆک کۆمارێک لە دەرەوەی عێراق، هەم لە ناوەوەی عێراق توانیوێتی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، داواکاری خەڵک و خۆپیشاندەرانی جێبەجێکرد بە داواکردنی ئەنجامدانی پێش وەختە لەگەڵ داواکاری خەڵک بووە، ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەتا یەک ئیشی شەخسی بۆ یەکێتی نەکردووە، هەتا زۆربەی پۆستە بەتاڵەکان و جێگری وەزیرەکان کە سەدرییەکان و حەلبوسی کەسانی نزیک لە خۆیانیان دانا بەڵام د. بەرهەم یەک ئیشی شەخسی بۆ یەکێتی نەکرد تەنها کارەکانی وەک سەرۆک کۆمار بەپێی دەستوری عێراق ئەنجامداوە و پارێزگاری لە دەستور کردووە."

 

سەبارەت بە بوونی فشار لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی (د. بەرهەم ساڵح) بە کاندیدێکی تر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت، "بڕواناکەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ژێر چ فشارێکدا بێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاتێک داوای کردبێت کە ئەوە کاندیدی منە و بەڵام ئەو (پارتی دیموکراتی کوردستان) قبوڵی نەکردبێت و چوبێت لەگەڵ سەدرییەکان هاوپەیمانیان کردبێت کە ئەو لایەنە و تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگیش لە قۆناغێکدا دژی کوردبوون، باشتربوو کورد لە ناو خۆیدا یەکڕیز بووایە و بێ لایەن بووایە نەک لەگەڵ لایەنێک هاوپەیمان بووینایە کە بە پێشمەرگە بڵێن میلیشیا، یاخود پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنها لە بەدەستهێنانی پۆستەکان بکاتەوە بە بێ حسابکردن بۆ ئەوەی ئەو حزبەی لە کوردستان هاوپەیمانێتی و حکومەتی لەگەڵ پێکهێناوە لەبەر ئەو ئەو هەموو نەهامەتیەی قبوڵ کردووە کە ڕەنگە ڕازیش نەبووبێت بەڵام ناکرێت لە نیوەی بەجێی بهێڵین بە هەموو کێشەکانیەوە ئەو بمانکات بە قوربانی سەرۆک کۆماری یا ئەو لایەنە سیاسییانە ئەو کاتە ئەنجامەکەی هەرچی بێت دەبێت خۆی قبوڵی بکات."

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا یەکێتی ڕازی دەبێت ئەگەر (د. لەتیف ڕەشید) وەک چارەسەری ناوەند بمێنێتەوە و لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، لە وەڵامدا ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت، "من لەو بڕوایەدا نیم بە هیچ شێوەیەک، چونکە لە بنەڕەتدا ئەویش (د. لەتیف ڕەشید) مەلەفی لەسەرە، ئێستا ئەگەر بێینە سەر نەزاهە ئەوە ئێستا بەدوای ئەوەوەن، چونکە هەریەک لەو وەزیرانە بە زۆری مەلەفیان لەسەرە، واتا ئەوەی کە باسکراوە لە نەزاهە دەبێت کار لەسەر زۆری ئەو وەزیرانە بکرێت، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەر بیویستایە بۆ هەر لە سەرەتاوە بە ئازایانە نەیدەوت(د. لەتیف ڕەشید) دەکەم بە سەرۆک کۆمار، واتە هیچ ترسێکمان لەسەر نیـیە، خۆی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەسێکە بە ئازایانە ئیش دەکات وە مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی بە سەربەخۆیی کاردەکات واتا لە چی دەترسین تا بڵێین نامانەوێت؟! "

 

ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختیکردەوە "یەکێتی نیشتمانی کوردستان سوورە لەسەر کاندیدی فەرمی خۆی(د. بەرهەم) وتی ئەو پۆستە مافی یەکێتیە، هەروەک چۆن پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان مافی پارتیە و کەس لە یەکێتی خۆی کاندید نەکرد وە نەشمان پرسی کێ کاندید دەکەن، چونکە بۆتە عورفێکی سیاسی ئەو پۆستانە."