کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت حەوت تۆمەتبار لە ڕووداوی دزییەکەی شاری سلێمانی دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، جەختیش دەکاتەوە سەرجەم پارەکە دەستی بەسەردا گیراوە.
وەستا حەسەن بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند سەرجەم ئەندامانی باندی دزیکردنەکەی دوێنێی شاری سلێمانی دەستگیرکراون.
دوێنی لە کاتی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، باندێک هەڵیانکوتایە سەر ئەو ئوتومبێلەی پارەکەی پێ دەگوازرێتەوە و سەرجەم پارەکەیان برد کە ملیارێک و 600 ملیۆن دینار بوو.
دوای ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لێکۆڵینەوەیەکی چڕیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و پارە دزراوەکە.
وەستا حەسەن بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی سەرجەم باندەکەی ڕاگەیاند کە ژمارەیان حەوت کەسە و بە وتەی ئەو، دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەش کرد دوای ڕووداوەکە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دروستکراوە و ئاژانسی دژە تیرۆر سەرەداوی تاوانەکەی ئاشکرا کردووە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سەرجەم تۆمەتبارەکان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری دەستگیرکراون، هۆکاری ئەوەی کە تۆمەتبارەکان نەیانتوانیوە شاری سلێمانی جێبهێڵن، ئەوە بووە کە "دوێنی پۆلیسی سلێمانی نزیکەی 150 بازگەی لەناو شار و دەرەوەی شار دانابوو."
لەبارەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، وەستا حەسەن ڕەتی کردەوە کە سەر بە هیچ لایەن و گروپێکی دیکە بن، وتیشی: "ئەندامانی باندەکە زۆربەیان پێشینەی تاوانیان هەیە و بەشێکیان لە زیندان یەکیان ناسیووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سەرۆکی باندەکە ماڵیان لە نزیکی بانقەکەوەیە و پێش 10 ڕۆژ خۆیان بۆ ئامادەکردووە، هاوکات باسی لە تێوەگلانی چەند فەرمانبەرێکیش کرد لە ڕووداوەکەدا "بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ."
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی دوپاتیشی کردەوە کە بۆ لەمەودوا پلانی ئەمنیان دەبێت بۆ ئەو فەرمانگانەی پارەکانیان لە بانقەکانەوە دەگوازنەوە.