ناس کورد-
بەگوێرەی پێشبینییە کەشناسییەکان، بەیانی ئەمڕۆ سنوری پارێزگای سلێمانی نزمترین پلەی گەرمیی لەسەر ئاستی عێراق تۆمارکردووە کە 13 پلەی ژێر سفری سیلیزییە، کەشناسێکیش دەڵێت، ئەم دۆخە تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سادق عەتیە، کەشناسی عێراقی لە بڵاوکراوەیەکدا (سێشەممە 18-1-2022) ڕایگەیاند، "لەئێستادا سلێمانی ساردترین شاری عێراقە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نزمترین پلەی لێ تۆمارکراوە کە 13 پلە لە ژێر سفرەوە بووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها لە بەغدا 1 پلەی ژێری سفری سیلیزی تۆمارکراوە و لە بەسڕەش نزمترین پلەی گەرمی 7 پلە بووە."
هاوکات لە پارێزگای سلێمانی، نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمارکراوە و کەشناسیی هەرێم دەڵێت، "هەرە نزمترین پلەى گەرماى ئەمڕۆ لە پێنجوێن تۆمارکرا کە 17 پلە ژێر سفری سیلیزییە."
سادق عەتیە دەڵێت، "ئەو دۆخەی کەشوهەوا و بەفربارین و بەستن کاریگەری لەسەر دابەزینی پلەی گەرمی لە زۆرینەی ناوچەکانی عێراق هەیە و تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت."