ناس کورد-
د. لەتیف ڕەشید، کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕەتیدەکاتەوە بۆ خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستەکە پرسی بە مەسعود بارزانی کردبێت و دەڵێت، بۆ ڕوونکردنەوەی پرۆگرامەکەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێز و کوتلەکان کردووە و زۆربەیان پشتگیری پرۆگرامەکەیان کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. لەتیف ڕەشید، کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق (دووشەممە 17-1-2022) ئامادەنییە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا کاندیدی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە یاخود خۆی بەسەربەخۆ خۆی کاندید کردووە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەم کردووە بەڵام داوام لە کەسیان نەکردووە واژۆم بۆ بکەن ڕێککەوتنم لە گەڵ بکەن تێگەیشتنی باش هەیە لە نێوان من و هەموو لایەنەکاندا."
د. لەتیف ڕەشید کە خولی ڕابردووش خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدا، سەبارەت بە گرەنتی سەرکەوتووبوونی لەم خولەکدا، دەڵێت، " خۆ کەس گەرەنتی بە کەس نادات، ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراسیەتە و لەو پرۆسەیەدا من خۆم بەشدار دەکەم."
لەسەر ئەوەی کە پێشتر پرسی بە پارتی و بارزانی کردووە بۆ خۆ کاندیدکردن، باسی لەوەکردووە، " من بە ڕاستی پرسم بە کەس نەکردووە، بەڵام خۆم کاندید کردووە چونکە ئیمانم بە دیموکراتیەتە، هەموو کەس مافی هەیە لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێز و کوتلە و هەتا کەسایەتی کە پێویست بێت کردوومە."
جەختیشیکردووەتەوە، "هەموو هێزێک و کوتلەیەک پەیوەندیم پێوە کردوون، بەڵام داوای ئەوەم نەکردووە پشتگیرم دەکەن یاخود نا، بەڵکو قسەمان کردووە و باسی پرۆگراممان کردووە من حەزدەکەم بۆ ئەم پۆستانە مرۆڤ بە پرۆگرامێکەوە بچێتە ناوەوە، پشتگیری پرۆگرامەکەی بکەن نەک پشتگیری کەسێتی خۆی وەک تاکە کەس، زۆربەی لایەنەکان کە قسەم لەگەڵ کردوون پشتگیری پرۆگرامەکەیان کردووم."