ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان ئاگاداری قوتابخانەکانی سنوری قەزاکە دەکاتەوە، هەر قوتابخانەیەک بەهۆی بەفربارین و کەشوهەواوە کێشەی هاتوچۆی بۆ دروست بووە دەتوانێت تاقیکردنەوەکان دوابخات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ئاگادارییەکدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان (یەکشەممە 16-1-2022) ڕایگەیاند، "ئاگاداری سەرجەم بەرێوەبەرانی قوتابخانەکانی سنوری بەرێوەبەرایەتیەکەمان دەکەین بەھۆی بارینی بەفر و سەختی رێگا ھەر قوتابخانەیەک کێشەی ھاتووچۆی ھەیە بەزووترین کات با پەیوەندی بە بەرێوەبەرایەتەکەمان بکات بۆ ئەوەی ھاوکاری بکرێت و تاقیکردنەوەکانی دوابخرێت."
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی چڕی باران و بەفر بارین بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە بەشێک لە ناوچەکان گرفتی هاتوچۆ دروست بووە.
هەر ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا قائیمقامییەتی قەزای مێرگەسور (یەکشەممە 16-1-2022) ڕایگەیاند، "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە سنوری قەزاکە، دەوامی فەرمی تەنها بۆ فەرمانبەرانی ناوەندی قەزاو ناوەندی ناحیەکان هەیە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ سەلامەتی گیانی فەرمانبەران، فەرمانبەرانی دەرەوەی ناوەندی قەزا و ناحیەکان لە سنوری کارگێڕی قەزای مێرگەسۆر لە دەوامی فەرمیان ئامادە نابن."