ناس کورد-
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەکانی پارتی ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار مافی پارتییە و ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت خۆیان ئامادەکردووە بەدەستیبهێنن، دەشڵێت، ئەوان کێشە بەرهەم ساڵح نییە و ئەو یەکێکە لە کادرە بەتواناکانی یەکێتی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حسێن، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەکانی پارتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (یەکشەممە 16-1-2022) ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنێکی مەبدەئیمان لەگەڵ ڕەوتی سەدڕ و سوننەکان هەیە لەسەر چەند خاڵێک، هەوڵدەدەین ڕێککەوتنەکە فراوانتریش بکەین و بەتایبەت لایەنی کورد وەک پارتی و یەکێتی."
سەبارەت بە پەرتبوونی پارتی و یەکێتی بەسەر ڕەوتی سەدڕ و تەقەدوم لەلایەک و چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەکی دیکە، ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەکرد، "ناکرێت هێشتا بڵێین کە کورد دابەش بووە، چونکە هێشتا کات ماوە، هەروەها ئێمە نەبووینەتە هۆی دابەشبوونی کورد، ئێمەش بەرژەوەندی خۆمان هەیە و ئەوەش لە بەرژەوەندی کوردە، چونکە ئێمە لەگەڵ زۆرینەی شیعە و زۆرینەی سوننەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە پێویستمان بە لایەنەکانی دیکەی کورد و بەتایبەتی یەکێتی هەیە و لەئێستادا ڕاستە کۆبوونەوەمان نییە، بەڵام پەیوەندییەکانمان نەبچڕاون و هێشتا بەردەوامین لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ."
سەبارەت بەوەی یەکێتی گلەیی لە پارتی هەیە لەوەی لە شەوی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ڕوویدا، عەلی حسێن
سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆمار، ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەکرد، "پۆستی سەرۆک کۆمار مافی کوردە، بەڵام مافی لایەنێک نییە لەنێو کورد، کاتێک مام جەلال لە ژیاندا مابوو ڕێککەتنێک هەبوو کە پارتی پشتگیری خوالێخۆشبوو مام جەلال بکات، بەڵام دواتر یەکێتی خۆی ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە."
ڕاشیگەیاند، "ئەگەر بە کورسیی هەڵبژاردن بێت، ئەوا پۆستی سەرۆک کۆمار مافی پارتییە، کەواتە بۆچی هەڵبژاردن دەکرێت ئەگەر کاری پێنەکرێت."
هاوکات دەربارەی ڤیتۆی پارتی لەسەر د. بەرهەم ساڵ، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەکانی پارتی باسی لەوەکرد، "با شتەکان بە شەخسی نەکەین، مەسەلە دکتۆر بەرهەم نییە، ئەو شێوازەی جاری پێشوو سەرۆک کۆماری پێ هەڵبژێردرا شێوازێکی نادروست بوو، لە یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان تێکچوو."
جەختیشیکردەوە، "دکتۆر بەرهەم یەکێکە لە کادرە بەتواناکانی یەکێتی، بەڵام ئێمە کە لە ئیستیحقاقی خۆمان خۆش دەبین بۆ یەکێتی، دەبێت ئەوانیش ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بۆچوونمان لەسەر کاندیدەکان وەربگرن."
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو کەسانەی دەچنە بەغدا هۆکارێکن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا، پێمانوایە بەشێک لەوانەی لە بەغدا بوون لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا نەبوون، بۆیە دەبێت ئەو تیمەی لە بەغدا نوێنەرایەتی کورد دەکات بە کۆدەنگی هەڵبژێردرێت."
ڕاشیگەیاند، "هیوادارین ئەوەی لە خولی پێشوودا ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بڕوات، کورد نادەینە دەست قەدەر و خۆمان ئامادەکردووە سەرکەوتووبین لە بەدەستهێنانی پۆستەکە ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات."