ناس كورد_
سەرباری تەشەنەكردنی بەرفراوانی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا "ئۆمیكرۆن" لە جیهان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێی وایە لە ئەم ساڵدا بارگرانییەكانی كۆرۆنا كۆتایی دێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد مونەزیری بەڕێوەبەری هەرێمایەتی ڕێكخراوە لە چەند لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (14_1_2022) دەڵێت: قۆناغی هەستیاری پەتای كۆرۆنا لە مردن و قەرەباڵغی نەخۆشخانەكان دەكرێت لە 2022 كۆتایی پێ بێت، بەڵام هێشتا مرۆڤایەتی لە ناوەڕاستی پەتاكەدایە.
بەگوتەی ئەم بەرپرسە باڵا تەندروستییە، خەڵك وردە وردە بەرەو ژیان لەگەڵ پەتاكە هەنگاو دەنێن و لە ئێستاشدا ئەركی یەكەم پاراستنی گیانی توشبووەكانە.
گۆڕاوی ئۆمیكرۆن گەیشتووە بە 15 وڵات لە كۆی 22 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وایكردووە رێژەی توشبوون لەم ناوچەیە بەرز ببێتەوە بۆ 89% بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە مردن بە ڕێژەی 13% كەمی كردووە.
وەزیری تەندروستیی هەرێم لە هۆشدارییەکدا ڕایگەیاند، سەرەتای شەپۆلی چوارەم بەهێز و خێرا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زنجیرەی گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن دەستیپێکردووە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا (12-1-2022) ڕایگەیاند، "پێویستە ڕێكارەكانی خۆپارێزی كەسی زیاتر بكرێت، ئاگاداری خۆتان و خانەوادە و منداڵەكانتان بن، گرنگترین ڕێكار وەرگرتنی ڤاكسینە لەگەڵ دانانی ماسك و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغ."
بەگوێرەی تیۆریایەكی نوێ كە هەندێك پزیشك و شارەزای درمەكان باسی دەكەن، سەرهەڵدانی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا "ئۆمیكرۆن" دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا.
دكتۆر حسام ئەبو فەرسەخ كە پسپۆڕی دیاریكردنی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكانە لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا "تفاعلكم" كە "ناس كورد" بینیویەتی (6_1_2022) وتی: گۆڕاوە نوێیەكە "ڤاكسینێكی خواییە" بەهۆیەوە كۆرۆنا كۆتایی دێت كە تا ئێستا نزیكەی 5.5 ملیۆن كەسی لە جیهاندا كوشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی د. حسام كە لەپەیجی خۆی "فەیسبوك" بڵاوی كردووەتەوە، هەرچەندە ئۆمیكرۆن 70 هێندەی دەلتا خێراترە لە بڵاوبوونەوە، بەڵام مەترسییەكانی كەمترە و رێژەی مردن بەهۆی ئەم گۆڕاوە نوێیە لە 0.02% تێپەڕ ناكات ئەمەش كەمترە لە مردن بەهۆی ئەنفلۆنزای ئاسایی و زۆر كەمترە لە مردن بەهۆی دەلتا كە دەگاتە 1.9%ی توشبووان.
بەبۆچوونی ئەم پزیشكە ئێمە لەبەردەم ڤایرۆسێكی سووكداین كە "بەرگری مێگەل" بەكۆمەڵ دەبەخشێت بەخەڵك لەماوەی چەند مانگێكدا، ئەمەش ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا.