ناس کورد-
بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق خۆى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆککۆمار کاندیدکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکى ئاگادار (13-1-2022) بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ داواکارى تایبەت بە خۆکاندیدکردنى پێشکەشى پەرلەمانى عێراق کردووە.
وتیشى بەرهەم ساڵح بۆ دوبارە وەرگرتنەوەى پۆستەکەى چاوى لەدەنگانى یەکێتى، چوارچێوەى هەماهەنگى، سەربەخۆکان و بەشێک لە سوننەکان هەیە.
خۆکاندیدکردنى بەرهەم ساڵح بۆ دوبارە وەرگرتنەوەى پۆستەکەى هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستى سەرۆککۆمار و رۆژى چوارشەممە پارتى هۆشیار زێبارى بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە کاندیدکرد.
رێزان شێخ دلێر راوێژکارى مەکتەبی سیاسی یەکێتى (12-1-2022) لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتى "قۆناغى ئێستا گرنگە بۆ ماڵى کوردى و یەکلاییکردنەوەى پۆستى سەرۆککۆمار کە پشکى یەکێتییە و بەرهەم ساڵحیش تاکە کاندیدە بۆ وەرگرتنەوەى پۆستەکە بۆ جارى دووەم".
وتیشى "هیچ گۆڕانێک لە هەڵوێستمان نەبووە لەو بارەیەوە".
تا ئێستا دیار نییە ناکۆکییەکانى ئێستاى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت و پێش وادەى یاسایی بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لەسەر کاندیدى هاوبەش رێکدەکەون، یاخود وەک ساڵى 2018 بەکاندیدى جیوازەوە دەچنە ئەو کێبڕکێیەوە.
ماجد شنگالى پەرلەمانتارى پارتى لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتى "پۆستى سەرۆککۆمار پشکى کوردە و تەوافوقى لەسەر دەکرێت، سیناریۆى 2018 دوبارە نابێتەوە، بەتایبەتى کە کاتێکى زۆرمان لەبەردەم ماوە بۆ رێککەوتن لەسەر یەک کاندید".