ناس کورد-
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا ڕەتیدەکاتەوە حزبەکەی دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش بکات و دەشڵێت، پۆستەکە بۆ یەکێتی یەکلابووەتەوە و چەند ناوێکیش هەن بۆی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مشتومڕی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەنێوان یەکێتی و پارتی گەرموگوڕ بووە و ئەمڕۆ ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، یەکێتی و پارتی ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی دوو کاندید بۆ پۆستەکە پێشکەش بکرێت.
لەوبارەیەوە ڕابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "پۆستەکە بۆ کورد و لەنێو کوردیشدا مافی یەکێتییە و ئەوە یەکلابووەتەوە، بەڵام کاندیدی کۆتایی بۆ پۆستەکە یەکلانەبووەتەوە."
وتیشی، "ڕاستە چەند ناوێک هەن و باس دەکرێن، بەڵام لەنێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە تەنها یەک ناو دەنێردرێتە پەرلەمان و هەبوونی دوو کاندید دوورە لە ڕاستییەوە و شتی وا ناکرێت."
لەدوای بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنەکەی دوێنێ شەوی پەرلەمان و دەنگنەدان بە کاندیدی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان گژری لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنە لە بەغدا دروست بوو.
بەگوێرەی میدیاکانی پارتی، ئەو حزبە لەدوای ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت کەسایەتی سەرۆک کۆمار بگۆڕدرێت و کەسێکی دیکە لە جێگەی د. بەرهەم ساڵح دابنرێت."
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەرهەم ساڵح کاندیدێکی بەهێزی یەکێتییە بۆ پۆستەکە، بەڵام هێشتا بە فەرمی ناوی پێشکەش نەکراوە و گفتوگۆی یەکلاکەرەوە لەوبارەیەوە کۆتایی نەهاتووە."
زیاتر بخوێنەرەوە: پارتی ’’پێشکەشکردنی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار’’ یەکلاکردەوە