گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پنتاگۆن 550 ملیۆن دۆلار بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژاڤا تەرخان دەکات

2019.03.12 - 23:40
پنتاگۆن 550 ملیۆن دۆلار بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژاڤا تەرخان دەکات

 

ناس کورد-

 

لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتەدا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا داوای تەرخانکردنی 550 ملیۆن دۆلار بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژاڤای کوردستان دەکات.

 

ڕۆژنامەی حوریەتی تورکی نزیک لە حکومەتی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردوەتەوە، کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بودجەی ساڵی 2020ی ئەمریکادا هەمان بڕە پارەی ئەمساڵ بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات تەرخان دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، پنتاگۆن بە دوو شێواز پارەکە بۆ ڕۆژاڤا تەرخان دەکات، یەکەمیان بڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ مەشقپێکردن و تەرخانکردنی پێداویستی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، دووەمیشیان تەرخانکردنی 250 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی "هێزی ئاسایشی سنور" ئەوەش مەبەست لێی ئەو هێزە نیودەوڵەتیەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە سنوری باکوری سوریا و تورکیا دابمەزرێندرێن.

 

ساڵی ڕابردووش بەهەمان شێوە پنتاگۆن لە بودجەی ساڵانەی خۆیدا پشکی تایبەتی تەرخان کرد بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هەرچەندە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دا لە ناوچە کوردییەکانی سوریا، بەڵام دواتر بە بڕیارەکەیدا چوویەوە و ڕایگەیاند کە 400 سەربازی ئەمریکی لەو ناوچانە دەمێننەوە.