ناس کورد-
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسێکی هەرێم، لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە تاوەکو کۆتایی هەفتە شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە بڵاوکراوەیەکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، "ڕۆژی (دووشەممە 10-1-2022) ھەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی مامناوەندی دەریای ناوەراست و پێشبینی ھاتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەکەین بە دوو قۆناغ، سەرەتاش لەسنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر کاریگەرییەکانی دەستپێدەکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " دواتر لەشەوی دووشەممە بۆ رۆژی سێشەممە 11-1-2022، ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و خۆی لە بارانبارینی پچر پچر و مامناوەندا دەبینێتەوە لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لە رۆژی چوارشەممە قۆناغی دووەم بە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی شێداری دەریای سوور و یەکگرتنی لەگەڵ نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست دەستپێدەکاتەوە، ئاست و شێوازی بارانبارین لەم قۆناغەدا دەگۆرێت لە ناوچەکاندا بەشێوەی بارانبارینی بەلێزمەی پچر پچر دەبێت لەھەندێ کات و لەگەڵ روودانی ھەورە تریشقە و بارینی تەرزەش لەھەندێ ناوچەدا."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "پلەکانی گەرما بەراورد بە قۆناغی یەکەم بەرێژەی ٣ تا ٤ پلە بەرزتردەبنەوە بۆیە لەم قۆناغەدا بەفر بارین تەنھا لە ناوچە شاخاوییە زۆر بەرزەکاندا ئەگەری دەبێت کە بەرزیان زیاترە لە ٢٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و کاریگەری ئەم شەپۆلەیان تا رۆژی ھەینی 14-1-2022 بەردەوامی دەبێت."