گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

مەلا بەختیار: پشتیوانی شاندەکەی پارتی و یەکێتی دەکەم بۆ بەغدا

2022.01.08 - 16:14
App store icon Play store icon Play store icon
مەلا بەختیار: پشتیوانی شاندەکەی پارتی و یەکێتی دەکەم بۆ بەغدا

ناس کورد- 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی پشتیوانی خۆی بۆ شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی لە بەغدا ڕاگەیاند و دەڵێت، پێویستە ئەم وەفدی هاوبەشە، یەكەمین كاری ئەوەبێت ئەجێندا یان پرۆژەی سیاسی گفتوگۆی ئێستای بەغدا و كوردستان بڵاوبكاتەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی  لەدیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لەمامۆستایانی زانكۆی گەرمیان (شەممە 8-1-2022) ڕایگەیاند، " عیراق لەڕووی سیاسەتی دارایی، سیاسەتی ئەمنی، سیاسەتی ئیداری شكستیان خواردووە، بۆیە دەبێ‌ لەدۆخێكی خراپی ئاوادا بیر لەعیراق بكەینەوە، پاشان پەیوەندییەكانی عیراق و كوردستان بزانین." 

 

هاوکات لەبارەی پێكهێنانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و مشتومڕەكان لەعیراق بۆ چۆنێتی پێكهێنانی حكومەت، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، " لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی دەكەم كە پێكەوە دەچنە بەغدا، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە، هەم حزبەكانی تری كوردستان قەناعەت پێبكەن‌ و هەم بۆ ئەوەی رای گشتی كوردستان تێكەڵ بەهەنگاوەكانیان و بۆچوونەكانیان‌ و بڕیارەكانیان بێت، پێویستە ئەم وەفدی هاوبەشە، یەكەمین كاری ئەوەبێ‌ ئەجێندا یان پرۆژەی سیاسی گفتوگۆی ئێستای بەغدا و كوردستان بڵاوبكاتەوە." 

 

باسی لەوەشکردووە، "سەركردە و سەركردایەتی هۆشیاری هەموو گەل‌ و نەتەوەیەك كە رەهەندی ستراتیجی جوانی هەبێ‌ت، دەرفەت دەقۆزێتەوە، نەك لەدەستیبدات، ئەقڵیەتی حوكمڕانی لەبەغدا، لەو ئاستەدایە، ئامادەنەبێ‌ دان بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا، وەك كارەساتبارترین شاری كوردستاندا بنێ‌، ئایا ئەم ئەقڵییەتە باقی ئامانجەكانی تری ئێمە چۆن بەدیدەهێنێت؟ واتا بەغدا ئامادەنییە برینەكانت ساڕێژ بكات، كەواتا ئەوەی تا ئێستا هاتۆتەدی لەعیراق، بەهۆی هاوسەنگی هێزەوەیە، نەک لەبەر دیموکراسی بونی ‌عێرا‌ق." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " رای گشتی دیموكراسی لەعیراق و كوردستاندا نییە، بۆیە ناتوانرێ‌ بیر لەئەلتەرناتیڤەكان بكاتەوە، بۆیە وایدەبینم، دیسان هێزە بەهێزەكان حكومەت لەعیراق پێكدەهێننەوە، چ هێزی چەكداروچ هێزی دەنگهێنەر، ئەم حكومەتەش دێتەوە سەر ئەوەی ئایا دەتوانێ‌ دەستور وەكو خۆی جێبەجێ‌ بكات؟ یان كێشە داراییەكان چارەسەر بكات، یان هێزی میلیشاكان بكات بەهێز؟ یاسای نەوت و بودجە لەگەڵ كوردستان جێبەجێ‌ بكات؟ بێگومان دژوارە کۆی ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و بە‌غداد، ‌چارەسەر بکرێ." 

 

جەختیشیكردووەتەوە، " لەكوردستانیشدا هەر لەبەر ئەوەی رای گشتی دیموكراسی نییە، بۆیە ناتوانین لە چارەنوسی مەدەنیەت و دیموكراسی و مافەكانی ژنان، دڵنیابین. پەیڕەو كردنی رای گشتی دیموكراسی، ئەركێكی چارەنوسسازی قۆناغەكەیە."