ناس کورد-
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بانگی سەدر دەکات پێکەوە فراکسیۆنی گەورە دروست بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و ڕێگریکردن لە لێکترازانی ماڵی شیعەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەى کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ هەینی، 7-1-2022، دەڵێت، "چەند دۆسییەکی تایبەت بە ڕێڕەوی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێ تاوتوێ کرا."
جارێکی تریش داوا لە سەدرییەکان دەکات پێکەوە فراکسیۆنی گەورە پێکبهێنن "بۆ پارێزگاریکردن لە بەرکەوتەی دەستوری و سەقامگیری پرۆسەی سیاسی."
هاوکات سوپاسی "هەموو هێزە نیشتمانییەکانی" کردووە کە سوربوون لەسەر پشتگیریکردنی "لێکتێگەیشتن و یارینەکردن بە هەڵوێستەکان."
ئەوە لەکاتێکدایە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر هۆشداری توند دەدات لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و هاوکات لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی زۆرینە ئاشکرا دەکات.
سەدر لە تویتێکیدا (7-1-2022) دەڵێت، "ئیرادەی گەل لەسەرو هەموو فشارە دەرەکییە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکانە."
سەدر لە تویتەکەیدا بە ئاماژە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی داهاتوو ئاشکرا دەکات کە بریتین لە سەدرییەکان، تەقەدوم و عەزمی سوننەکان، تەسمیمی ئەسعەد عیدانی کە پارێزگاری بەسرەیە و هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
هۆشداری دەداتە لە فشاری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و دەڵێت، "ئێمە یەکەمەکانی بەرخودانی شیعەبوونی دژی ئەمریکا".