گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەستنى ماسک کرایە ناچارى

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ولێر هۆشداریی هاتنى ئۆمیکرۆن دەدات

2022.01.04 - 20:35
App store icon Play store icon Play store icon
ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ولێر هۆشداریی هاتنى ئۆمیکرۆن دەدات

ناس کورد-

 

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر رایگەیاند، ئەگەرچى لە ئێستادا ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێم کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماوە و جدین، بەتایبەتى مەترسییەکانى هاتنى (ئۆمیکرۆن) کەخێرا بڵاودەبێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى ژورەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتربکەن.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، بۆجێبەجێکردنى بڕیارەکانى لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوە

ئەمشەو سێشەمە 2022.1.4، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا، بۆجێبەجێکردنى بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبۆوە و گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:-

 

یه‌كه‌م/ ماوەى پێدانى ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

دووەم/ ئەنجامدانى پشکنینى کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەى لە دەرەوەى کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینى خێراى کۆرۆنا لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و مەرزى حاجى ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.

 

سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.

 

چواره‌م/  دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەى لەشارەکانى ترى خوار و ناوەڕاستى عێراقەوە سەردانى هەولێر پایتەخت دەکەن پشکنینى کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەى 72 کاتژمێرى تێپەڕنەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانى گەشتیارى بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستى ڕەشەوە.

 

پێنجەم/ سه‌رجه‌م کارمەندانى فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، کارمەندانى کەرتى تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه‌، یانەى شەوانە، هۆڵ) ده‌بێت ڤاکسین وەرگرن و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چادودێرى دەکرێن.

 

شەشەم/ بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێر ڕاسپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنامایی نوێى لەبارەوە دەربچێت.

 

حەوتەم/  ئەگەرچى لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماوە و جدین، بەتایبەتى  مەترسییەکانى هاتنى (ئۆمى کۆرۆن) کەخێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتى گشتیى و پاراستنى خۆتان و ئازیزانتان پابەندنى تەواوى ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتى بەستنى (ماسک).

 

هەشتەم/  سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتربکەن.

 

نۆیەم/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 4 له‌سه‌ر 5ى 1ی 2022 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر