ناس کورد-
مەسعود بارزانی و شاندێکی ڕەوتی سەدر کۆبوونەوە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ھەنگاوەکان بۆ یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکھێنانی حکومەتی تازەی عێراقیان تاووتوێ کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی (سێشەممە 4-1-2022) مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی باڵای رەوتی سەدری بە سەرۆکایەتی شێخ حەسەن ئەلعەزاری کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، "لە دیدارەکەدا رۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ھەنگاوەکان بۆ یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکھێنانی حکومەتی تازەی عێراق."
ئەوەش هاتووە، "ھەر لەو دیدارەدا جەخت لە بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی سیاسی و تێپەڕاندنی تەحەدیات و وەڵامدانەوەی ویست و ئیرادەی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرایەوە، ئەویش لەچوارچێوەی راستەڕێکردنی پڕۆسەی سیاسی و ڕەچاوکردنی داخوازیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق."