ناس کورد-
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەرچی پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام 13 ملیۆن لیتر دابەش کراوە و پرۆسەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان ڕایگەیاند، "ئەو نەوتەی ئێستا دابەش دەکرێت، نەوتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە کڕیویەتی و بە هەرزانتر دەدرێتەوە هاووڵاتیان، حکومەتی فیدڕاڵی ھیچ بڕە نەوتێکی نەناردووە."
وتیشی، " تا ئێستا نزیکەی 13 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە، چونکە ھەر ئەو بڕە بۆ سلێمانی نێردراوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوت ھەیە و ئەمساڵ تەنھا 13 ملیۆن لیتر نەوت بۆ پارێزگاکە نێردراوە، بۆیە نەتوانراوە وەک پێویست نەوت دابەش بکرێت."
ڕوونیشیکردەوە، "هەرچەندە سەرجەم ڕێکارەکانی وەرگرتنی نەوتەکەی بەغدا تەواو بووە و ڕێککەوتن هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها بڕێک بۆ پارێزگای دهۆک نێردراوە."