گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی داوا دەکات لەگەڵ پارتی ’’گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەیی’’ لە بەغدا یەکلایی بکەنەوە

2022.01.03 - 19:43
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی داوا دەکات لەگەڵ پارتی ’’گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەیی’’ لە بەغدا یەکلایی بکەنەوە

ناس کورد-

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکوک داوای لە لیژنە ھاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی کرد "گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەیی لە بەغدا یەكلایی بكەنەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە سەرەتای ساڵی 2022 لە كەركوك ئەنجام دا.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، "تەوەرەی سەرەكی باسەكان رەوشی سیاسیی كوردستان و عێراق بوو لە دەروازەی ساڵی نوێ و ھەڵوێستی یەكێتیی دەربارەی ئیستحقاقی كورد لە بەغدا و پێكھاتنی حكومەتێكی نوێی وڵات لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە ئێستا گۆڕینەوەی بیروڕا و گفتوگۆی چڕ لە نێوان ھێزە سیاسییەكان بۆ ئەم مەبەستە دەستیپێكردووە."

 

جەختیكردەوە "لە سیاسەتی نەگۆری یەكێتی كە پێویستە حكومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێكھاتەكان بكات و پێشینەی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەكانی گەلی عێراق بكاتە كارنامەی بەپەلەی خۆی. چونكە تەنھا بە حكومەتێكی لەو شێوەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەركە نیشتمانییەكانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و ڕاستكردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی كە پێویستی بە ھەماھەنگی كارا ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق."

 

"بۆ ئەم مەبەستەش مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی لە كەركوك بە ئاماژە و پەیامێكی كوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا كە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە كە لە جیاتی ھەموو كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆریان داوە لە شەڕی دژی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكان و پێویستە بە نەخشەرێی سیاسی و دەستووری كێشەكانیان چارەسەر بكرێت."

 

كۆبوونەوە ھەروەھا "پێداگری كرد لەسەر پێویستی یەكخستنی بەكردەوە و كارای ھەڵوێستی كوردستانی لەبەرامبەر پێشھاتەكانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی كوردستانی ئەركەكانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەكانی حكومەتی تازە جێبەجێ بكات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە ھاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەیی لە بەغدا یەكلایی بكەنەوە."

 

بەشێكی تری تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە "تەرخانی كاروباری ناوخۆی یەكێتی و چاكسازی و گەشەپێدان و ھەڵوێستی حزبی كرا. جەخت كرایەوە كە پرۆسەی رێكخستنەوەی پەیكەری یەكێتی لە مەكتەب و ئۆرگانەكان بەردەوامە و ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوكردن و پوختەكردنی ریزەكانی یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال و كۆششكردن بۆ گەنجكردنەوەی حزب لەرێی نوێكردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێكخراوەكانی یەكێتیدا."