ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ھەڵەبجە، سەبارەت بەھێنانی ھێزێكی چەكدار بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەیان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ئازادی دەسوڕێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی ھەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (دووشەممە 3-1-2022) ڕایگەیاند، "بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی کشتوکاڵی لە گوندی باخەکۆنی سەربە ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پارچە زەوییەک لە نێوان جوتیارانی گوندەکە و خاوەن موڵکێک بەناوی (شازاد کەریم) لەگەڵ ئەوەی لەساڵی 1975 بەشە زەوی جوتیار و خاوەن موڵک جیاکراوەتەوە، بەڵام خاوەن موڵکەکە ئەو بڕیارەی ڕەتکردووەتەوە."
وتیشی، "لەماوەی ڕابردوودا خاوەن موڵکەکە لەچەندین ڕێگاوە هەوڵی دا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانمان دابنێت تا ئەوەی برایەکی هاتە ماڵمان بۆ هەمان مەبەست، بەڵام ئەنجامی نەبوو، چونکە داواکارییەکانیان بەدەر بوو لە یاسا."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای بێ ئومێد بوون لەو هەوڵانە، لەماوەی ڕابردوودا خاوەن موڵکەکە بە هێزێکی چەکدار و بە جلوبەرگی سەربازییەوە کە ژمارەیان لە 10 کەس زیاتر دەبوو، هێنایەسەر بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە کە دوو پلەداری سەربازیشیان لەگەڵدا بوو."
دەشڵێت، "هاتنە ژوورەوە و هەڕەشەیان لێکردم کە دەبێت کێشەکە لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بکەینەوە، بەپێچەوانەوە جوتیارەکان دەکوژین."
باسی لەوەشکرد، "لەدوای ئەوە هەمان هێز هەڵیانکوتایەسەر جوتیارەکانی ئەو گوندە و ئازارێکی زۆریان داون، بۆیە ئێمە پەنامان بردەبەر دادگا و سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بە ئازادی دەسوڕێنەوە."
جەختیشیکردەوە، بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان داوا لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری کشتوکاڵ و پارێزگاری هەڵەبجە دەکەن سنورێک بۆ ئەو تاقم و هێزانە دابنێن کە بەناوی پێشمەرگەوە هەڵدەکوتنەسەر خەڵک.