ناس کورد-
بەرپرسێکى وەزارەتى دادى هەرێم رایگەیاند، ئەگەرهەیە رێنماییەکى تاپۆکردنى ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانیەكان زێدەرۆییان لە سەر كراوە گرفتى بۆ دروستبێت، ئەوەش بەهۆى چەند کەلێنێکى ناو یاساکەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەهرام ساڵح بەڕێوبەری پەرەپێدان لە وەزارەتی داد لە بڵاوکراوەیەکدا کە لەهەژمارى فەرمى وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە باسى لەوەکردووە، ڕێنماییەکان لە ناتەواوی و كەمووكوری بەدەر نییە و دەكرا بە شێوەیەكی باشتر و وردتر دارشتنی بۆ بكرێت.
دەقى بڵاوکراوەکە:
خوێندنەوەیەك بۆ ڕێنمایی تەملیك كردنی ئەو زەوییانەی
لە سنوری شارەوانیەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە
نووسینی: مافپەروەر/ بەهرام ساڵح حەمەد/ بەڕێوبەری پەرەپێدان لە وەزارەتی داد.
ئەم رێنماییە بە تەواوكەری یاسای ژمارە (3) ساڵی 2019، یاسای بە خاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانیەكان زێدەرۆییان لە سەر كراوە، لەگەڵ هەمواری یاساكە كە لە 9/9/2021 بڵاوكراوەتەوە لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان، دادەنرێت.
لە هەمواری یاساكە لە ماددە(10) دا شەست رۆژی دیاریكردوە بۆ دەركردنی ئەم رێنماییە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی، بۆیە دەركردنی ئەم رێنماییە و بڵاوكردنەوەی لە ژمارە (275) رۆژنامەی وەەقایع لە 9/12/2021 بە یەكەم هەنگاوی كردەیی جێبەجێكردنی یاساكە دادەنرێت، رێنماییەكە لە (16) ماددە پێكهاتووە و بە وردی شەن و كەوی ئەو پێداویستیانەی كردوە كە پێویستن بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، هەر لە دیاریكردنی ئەو مەرجانەی كە پێویستە لە خانوویەك دا هەبێت بۆ ئەوەی بە زێدەرۆ هەژمار بكرێت تا دەگاتە مەرجە پێویستەكان لە كەسی زێدەرۆكار بۆ ئەوەی خانووەكەی بە ناو بكرێت، سەرباری چۆنیەتی پێكهێنانی لێژنەی باڵا و لێژنەی لاوەكی و ئەركی لێژنەكان لەگەڵ چەندین بابەتی تر كە پێویستن بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە.
بەڵام بێگومان رێنماییەكە لە ناتەواوی و كەمووكوری بەدەر نییە و دەكرا بە شێوەیەكی باشتر و وردتر دارشتنی بۆ بكرێت و، رەخنەكانیش لەم چەند خاڵەی خوارەوە كۆی دەكەینەوە بەم شێوەیە:
هەمواری یاساكە لە 9/9/2021 دەرچووە و لە ماددە (10)ی هەموارەكەدا، تەنیا ماوەی (60) رۆژی دیاریكردوە بۆ دەركردنی رێنماییەكە، بەڵام رێنماییەكە لە 9/12/2021 لە ژمارە (275) رۆژنامەی وەقایع بڵاوكراوەتەوە، واتا دوای (90) رۆژ لە دەرچوونی یاساكە، رێنماییەكە دەركراوە، كە ئەمەش پابەند نەبوونێكی زەقە بە یاساكە و ماوە یاساییەكانی.
ئامانج لە یاساكە چارەسەركردنی گرفتی زێدەرۆیی و یارمەتیدانی چینی هەژارە، هەروەكو لە هۆكارە پێویستەكانی دەركردنی یاساكەدا هاتووە، لەبەرئەوە واباشتربوو لە مەرجەكانی كەسی زێدەرۆكار بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی خانوویەكی زێدەرۆ، پێویستە هیچ خانوویەكی دیكەی بە ناو نەبێت، بەڵام ئەم مەرجە دانەنراوە.
زۆر لە حوكمەكانى یاساكە روون و ئاشكران، بەڵام لە رێنماییەكە هەمان حوكم دووبارە كراوەتەوە، كە ئەمە بە زیادە و ناپێویست دادەنرێت لە رووی دارشتنی رێنماییەوە، چونكە رێنمایی بۆ روونكردنەوە و ئاسان جێبەجێكردنی یاسا دەردەكرێت، نەوەك دووبارە كردنەوەی حوكمەكانی یاسا.
لە بابەتی دیاریكردنی ئەركەكانی لێژنەی باڵا، باسی لەوە نەكردوە ئەگەر هاتوو لەسەر بابەتێك ناكۆكی لە نێوان ئەندامانی لێژنە هەبوو چۆن یەكلایی دەكرێتەوە، چونكە ئەم لێژنەیە دەسەڵاتدارە و بریاری یەكلاكەرەوە دەدات لەسەر زێدەرۆ و لە چەند ئەندامێك و سەرۆكێك پێكدێت، بۆیە واباشتربوو میكانیزمێك دابنرێت بۆ ئەمە.
خانووی هەیكەلی بەدەركردووە لە باڵرۆبوونی ئەم یاسایە بەسەریدا،كەچی زۆرێك لە خەڵكی هەژار لە نێو خانووی زێدەرۆیی هەیكەلدا نیشتەجێن، بەهۆی ئەمە ئەگەر هەیە گرفت لە جێبەجێكردن دروست بێت.
دەرماڵەی هاندان بە كۆژمەی (400) هەزار دینار بۆ ئەندامانی لێژنەی باڵا و لێژنەی لاوەكی دیاریكردوە و پێوەرەكەشی ئەنجامدانی یەك مامەڵەیە و لە مانگێكدا نابێت لەم كۆژمەیە زیاتر بێت، كە ئەمەش لە دوو روەوە رەخنە لێگیراوە، یەكەمیان هاوتاكردنی دەرماڵەی هاندانی هەر دوو لێژنە وەك یەك، ناراست و نادادپەروەرە، چونكە ئەركی زەحمەت و كاری مەیدانی دەكەوێتە سەر لێژنەی لاوەكی، دووەمیشیان ئەنجامدانی یەك مامەڵە وەكو پێوەر بۆ خەرجكردنی دەرماڵەكە، زۆر رێژەیەكی بچووك و كەمە، بۆیە واباشتربوو پێوەرێكی تر و رێژەیی بۆ ئەمە دیاری كرابووایە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانە دەركردنی ئەم رێنماییە هەنگاوی یەكەمی دەستكردنە بە جێبەجێكردنی یاساكە و دەبێت لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا رێگە بە زێدەرۆكاران بدرێت داخوازنامەی تایبەت بە خاوەنبوونی خانوویی زیدەرۆكەیان پێشكەش بە لێژنەكان بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەی یاسایی كە لە 9/9/2021 دەست پێدەكات و لە 9/9/2022 كۆتایی دێت داخوزانامەكانیان پێشكەش بكەن، بەو هیوایەین كە ئەمە كۆتا یاسا بێت دەربكرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی زێدەرۆ.