گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون

ناس کورد زانیاریی ورد لەبارەی باندی دزییەکەی سلێمانی ئاشکرا دەکات

2019.03.12 - 23:10
ناس کورد زانیاریی ورد لەبارەی باندی دزییەکەی سلێمانی ئاشکرا دەکات

 

 

ناس کورد-

 

دوو تۆمەتباری رووداوی دزییەکەی ئەمڕۆی سلێمانی دەستگیرکراون، ئاسایش کۆمەڵێک سەرەداوی لەبارەی باندەکەوە دەستکەوتووە و زانیارییان لایە کە تا ئێستا بەشێکیان لەناو شاری سلێمانیدان، لایەنە ئەمنییەکان لەو باوەڕەدان لە 30 کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیربکەن، ئەوەش بە وتەی سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بۆ ناس کورد.

 

لێکۆڵینەوەی ورد لە دۆسیەی دزییەکەی ئەمڕۆی شاری سلێمانی بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانیش سەرەداوی زۆریان لەبارەی ئەو کەسانەوە دەستکەوتووە کە لە رووداوەکەوە تێوەگلاون.

 

ئەمڕۆ لە کاتی گواستنەوەی پارەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لە بانکەوە بۆ نەخۆشخانەکە، باندێک ئوتومبێلی گواستنەوەی پارەکەیان ڕفاند و دواتر پارەکەیان برد و ئوتومبێلەکەیان لە نزیک گردی مامە یارەی سلێمانی فڕێ دا.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی ناس کورد لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، لە ئێستادا دۆسیەی دۆزینەوەی باندی دزیکردنەکە بەتەواوی لە پۆلیسەوە ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی کراوە و بەرەوپێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە بینیووە.

 

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، رووداوەکە بەشێوەیەک بووە سەرەتا چوار کەس لە باندەکە داویانە بەسەر ئوتومبێلی گواستنەوەی پارەکەدا، دواتر پارەکەیان ڕادەستی چوار کەسی دیکە کردووە و ئەوانیش بەرەو شارۆچکەیەکی نزیک سلێمانی هەڵهاتوون، چوار کەسەکەی دیکەشیان لەناو شاری سلێمانیدا ماونەتەوە.

ئاسایشی سلێمانی بەوردی بەدوای ڕووداوەکەدا چووە و دوان لە تۆمەتبارەکانی دەستگیرکردووە، هاوکات بەوتەی سەرچاوەکە، ئاسایش "دڵنیایە لەوەی لە ماوەی 30 کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم باندەکە دەستگیردەکات".

لەبارەی چارەنووسی ئەو بڕە پارەیەی کە دزراوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێشتا پارەکە دیارنییە و ئەو کەسانەی پارەکەیان لایە دەستگیرنەکراون.