ناس کورد
شەوی رابردوو لە ڕێستورانتێکی شاری سلێمانی دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک وەک خەڵات بۆ کەسێک دەردەچێت، پێی دەڵێن، سبەینێ بچێتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی، بەڵام ئەمڕۆ کە چووەتەوە هێزێکی چەکدار ڕێگەیان لێگرتووە و خەڵاتەکەیان پێ نەداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوی ڕابردوو لە زۆرێک لە هۆتێل و ڕێستۆرانتەکانی شارەکانی هەرێم ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت بە سەری ساڵ بەڕێوەدەچوو و لە بەشێکیشیاندا خەڵاتی تایبەت ئامادەکرابوو.
لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکانی سلێمانی کە ناوەکەی لای "ناس کورد" پارێزراوە ئۆتۆمبێلێک و 10 مۆبایل وەک خەڵات ئامادەکرابوون و ئۆتۆمبێلەکە بۆ هاووڵاتییەکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرچووە.
ناس کورد زانیویەتی، لەوکاتەدا بەو کەسە وتراوە کە سبەینێ بچێتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی کە ئۆتۆمبێلەکە بووە.
کەسێکی نزیک لێی و ئاگاداری ڕووداوەکە بە "ناس کورد"ی وت، "ئەمڕۆ کە چووەتەوە بۆ ڕێستۆرانتەکە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی، چەند کەسێکی چەکدار کە زیاتر لە 10 چەکدار بوون لە ڕێستۆرانتەکە ڕێگەیان پێگرتووە و خەڵاتەکەی پێ نەدراوە."
وتیشی، " نەک هەر خەڵاتەکەی پێ نەدراوە، بەڵکو سوکایەتیشی پێکراوە و قسەی ناشرینیشی پێ وتراوە و تەنانەت هەڕەشەی لێکراوە."
لەسەر ئەو پرسە "ناس کورد" پەیوەندی پێوەکرد، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو قسە لەسەر ڕووداوەکە بکات.